وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم له‌ به‌غدا پرۆسەی سەرژمێری تاوتوێ دەکەن

محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و  فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غدا
محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی فیدراڵ و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غدا

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ، لەگەڵ سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غدا، كۆ بووه‌وه، هەردوولایان پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووانیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەم 2024، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی فیدراڵ، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی، پێشوازیی لە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غدا کرد.

لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان چەند بابەتێکی تەکنیکی پەیوەندیدار بە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان، هەروەها تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆسەکە تاوتوێ کران.

هەردوولایان جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە ئەو تێبینیانەی لەسەر پرۆسەکە هەیە چارە بکرێن، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندی بە ئاوارەکان و دوورخراوەکانەوە هەیە.

ژماره‌ى وه‌زيفى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان و، ته‌واوكردنى پرۆسەی بايۆمەتری و پێويستى به‌په‌له‌ ته‌واوكردنى پێش كۆتايى ئه‌م ساڵ تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوانیان بوو.

بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتی لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بکرێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تاوەکوو ساڵی 2030 دەگاتە نزیکەی 51 ملیۆن و 500 هەزار کەس.