چارەکردنی پرسی کورد لە ڕۆژەڤی تورکیا کاڵ بووەتەوە
پرسی کورد لە تورکیا بابەتێکی سەرەکییە و کە 1ـی مانگی ڕابردووەوە تەواوی ڕۆژەڤی ئەو وڵاتەی تەنیوە, بەڵام ڕووداوەکەی دوای 1ـی مانگی تشرینی یەکەم و سەپاندنی قەییوم لە کۆتایی ئەو مانگە وایکردووە پرسەکە لە ڕۆژەڤ کاڵ بێتەوە.
پرۆسەی نوێی ئاشتی و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بۆ چارەکردنی کێشەکانی کورد لە تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەگەڵ هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەی (مەهەپە) پێی نابووە قۆناغێکی نوێ، بەڵام هەندێک ڕووداو و پێشهات وایان کرد بابەتەکە لە مێدیاکاندا بەشێوەیەک لە شێوەکان کاڵ ببێتەوە.
یەکەم بەربەست کە بووە هۆی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان بکەوێتە پێش پرسی ئاشتی و قۆناغێکی نوێ بۆ چارەکردنی کێشەکان، هێرشەکەی ئەنقەرە بوو.
ڕۆژی 23ـی مانگی ڕابردوو دوو چەکدار هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی بۆشاییگەری و فڕۆکەوانیی تورکیا (توساش)، لە ئەنجامدا پێنچ کەس کوژران و 22 کەسی دیکەش بریندار بوون. دوای ڕووداوەکە پەکەکە بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند. دوای ئەم ڕووداوە، حکوومەتی تورکیا ئاشکرای کرد، ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بە توندترین شێوە بەردەوام دەبێت.
دووەم پرس، دەستگیرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ئەسەنیورد بوو کە سەر بە جەهەپەیە و لە ئەنجامی ڕێککەوتنی جەهەپە و دەم پارتی کاندید کرابوو، ئەو بە ڕەگەز کوردە، ئەسەنیورد سەر بە ئیستانبوڵە و لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەترین شارۆچکەی تورکیایە.
دوای ئۆپەراسیۆنەکە، ئەحمەد ئۆزەر ڕەوانەی بەندیخانە کرا و کەسێکی کاربەڕێکەر لە شوێنی ئەو دانرا کە لە تورکیا بە 'قەییوم' ناو دەبرێت، لەگەڵ ئەوەش تۆمەتی ئەوە خراوەتە سەر ئەحمەد ئۆزەر گوایە 694 جار پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە.
خاڵێکی دیکە هەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی هەوڵەکان کاڵ ببنەوە، نەبوونی هیچ پێشهاتێکی نوێیە. یەکەم هەنگاو لە 1ـی مانگی ڕابردووی ئەمساڵ هاتبوو، کاتێک باخچەلی تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە ناو پەرلەمان کرد. هەنگاوی دووەم گوتەکانی باخچەلی بوو کاتێک گوتبووی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەرلەمانەوە چەکدانان و خۆشیکردنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت. سەرەڕای قسە و پاڵپشتییەکان هیچ هەنگاویکی کردەیی لەوبارەیەوە نەگیراوەتەبەر بۆیە ئەمەش وەک هۆیەک بۆ ساردبوونەوەی لایەنەکان لەسەر قۆناغەکە هەژمار دەکرێت.