پارتی ناوی ئەندامانی شاندەکەی بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئاشکرا کرد
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ دووشەممە، 4-11-2024، پارتی تیمی خۆی بۆ دانووستانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەگەڵ لایەنەکان دیاری کرد.
پارتی تیمی خۆی بۆ دانووستانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەگەڵ لایەنەکان دیاری کرد و هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆکایەتیی تیمەکە دەکات.
تیمەکەی پارتی پێک هاتووە لە هەریەک لە "پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان."
بڕیاروایە دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، تیمەکە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆك بارزانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق "باسی لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرد، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا "كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و ئەجێندای حكوومەتی داهاتوو پێك هێناوە و ڕاشیگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە."