ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە دەسەڵات: لەوانەیە دانانی قەیووم هەموو شارەوانەکانی دەم پارتی بگرێتەوە

عەبدولقادر سەلڤی، ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا
عەبدولقادر سەلڤی، ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا

ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە حکوومەتی تورکیا ڕایگەیاند، دانانی قەیووم لە جێی سێ شارەوانەکەی دەم پارتی، لەوانەیە دەسپێکێک بێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرۆسەکە لە شارەوانییەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت. 

عەبدولقادر سەلڤی، ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا و نزیک لە حکوومەتی ئەو وڵاتە لە گۆشەکەیدا ئاشکرای کرد "لادانی سێ سەرۆک شارەوانییەکەی 'دەم پارتی' دەستپێکە و هەموو ئەو شارەوانانەی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە، لادەبرێن و قەییوم لە شوێنیان دادەنرێت."

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "لەوانەیە بۆ ماوەیەک بەیانییان بەشێوەیەکی بەردەوام گوێبیستی دانانی قەیووم بن."

 سەلڤی ئاماژەی بە هەفتەی ئایندە کرد و گوتی: "هەفتەی ئاییندە تورکیا ڕۆژەڤێکی زۆر جیاوازتری دەبێت، چونکە هێدی هێدی هاوسەنگیی سیاسەت لە تورکیا دەگۆڕدرێت."

 

بڕیاری حکوومەتی تورکیا بۆ دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەتی و دانانی قەیومی لە شوێنەکانیان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەحمەد تورک، سەرۆکی شارەوانیی مێردین بەهۆی ئەو سزایەی بۆ دەرکراوە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ کە 10 ساڵ زیندانیکردنە، لە ئەرکەکەی دوورخراوەتەوە و تونجای ئاککۆیون، پارێزگاری مێردین بە وەکالەت، سەرۆکی شارەوانیی بە قەیوم بەڕێوە دەبات.

 

ئەحمەد تورک: بڕیاری دوورخستنەوەم دژی بەهاکانی دیموکراسییە

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-11-2024، ئەحمەد تورک، سەرۆک شارەوانیی مێردین دوای دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی لەگەڵ دەیان لایەنگری لە بەردەم سەرۆک شارەوانییەکە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان کرد. 

ئەحمەد تورک لە لێدوانێکیدا بۆ ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24، بڕیارەکەی بە "نادادی و دژی بەهاکانی دیموکراسی" ناوبرد و دووپاتی کردەوە "وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕێزی لە ئیرادەی گەلی کورد نەگرتووە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستینەوە."

ئەحمەد تورک لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوای لە هاووڵاتییانی مێردین و سیاسەتمەندارانی کوردی تورکیا و باکووری کوردستان کرد "بچنە بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانییەکە و هاوشان لەگەڵ ئەوان ناڕەزایەتیی خۆیان دژی سیاسەتی بێدەنگکردن و نەهێشتنی گەلی کورد نیشان بدەن و سەرکۆنەی بڕیارەکە بکەن."

 

چارەکردنی پرسی کورد لە تورکیا

چارەکردنی کێشەی کورد دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێی نایە قۆناغێکی گرنگ و نوێ دوای ئەوەی گوتی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندان دەربهێندرێت و لە پەرلەمانی تورکیا چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە رابگەیەنێت." 

دەوڵەت باخچەلی گوتی: "کێشەی تورکیا کورد نییە بەڵکو پەکەکەیە. کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستگیر کرا و بۆ تورکیا ڕاگواسترایەوە، ڕایگەیاندبوو  'ئامادەیە هەموو جۆرە خزمەتێک پێشکەش بکات'. داوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکرێت، با هەڵگیرێت و بفەرموێت لە پەرلەمان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی چەکدانانی پەکەکە ڕابگەیەنێت. بە دەنگێکی بەرزەوە بڵێت تیرۆر نەماوە و پەکەکە خۆی هەڵووەشاندووەتەوە."