وەزارەتى خوێندنی باڵا زەمالەی خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە ڕوسیا ڕادەگەیەنێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باڵا زەمالەی خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە ڕوسیا ڕادەگەیەنێت.
چوارشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە وڵاتی ڕوسیای فیدراڵ (70) زەمالەى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) ڕادەگەیەنێت، بەمەبەستی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بە چەند مەرجێک، هەرکەسێک ئەم مەرجانەی تێدا بێت و ئارەزوی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی ڕوسیا دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینیەکان تکایە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:
https://education-in-russia.com
وەزارەتەکە دەشڵێت: بەهۆى ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەری زەمالەکە دەبێت، وەزارەتەکەمان هیچ فایلێکى لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تاکو دەرچوونی ئەنجامەکان، بە هیچ شێوەیەک پێشکەشکار سەردانی وەزارەت نەکات، هاوکات کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە:
Scholarship.digital.gov.krd
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەیبەوە کردووە، ئەو پێشکەشکارانەی فەرمانبەری حکوومەتن، ئەگەر زەمالەی ڕووسیا بەدەستبهێنن، بەڵام مەرج و ڕێنماییەکانى ئاماژە پێکراوى خوێندنەکانى تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.
مەرجەکانى پێشکەشکردنی بەو شێوەیە دیاریی کرد.
بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێویستە لە هیچ دامودەزگایەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرابێت.
- بۆ ئەو پێشکەشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆری پزیشکی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانستیان لە (85%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەوانەشی کە داواکاری بۆ پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانستیان لە (80%) کەمتر نەبێت، هەروەها ئەو بەرێزانەی کە داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەى زانیستیان لە (75%) کەمتر نەبێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ خوێندنەوەى وردەکاری زیاتر سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.
بۆ خوێندنی ماستەریش:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.
- پێویستە کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%) کەمتر نەبێت.
- پێشکەشکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات، (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.
بۆ خوێندنی دکتۆراش:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.
- دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (70%) کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.