کامالا هاریس دان بەشکستەکەی بەرامبەر ترەمپ دەنێت
کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا بە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان دۆڕا، وتارێکی پێشکەشی لایەنگرانی کرد.
کامالا هاریس گوتی: "دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ بکەین." ئاماژەی بەوەش دا "زۆر شانازی بەو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە دەکەم کە کردمان."
کامالا هاریس لە وتارەکەی دا گوتیشی: "ئەنجامەکە بەو شێوەیە نەهات کە ئێمە هیوامان بۆ دەخواست، بەڵام دەبێت قبووڵی بکەین، بۆیە پیرۆزبایی سەرکەوتنم لە ترەمپ کرد و بەڵێنم دا کە لە قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتدا یارمەتی ئەو و تیمەکەی بدەم."
هاریس کاندیدی دیموکراتییەکان ڕاشیگەیاند "دڵسۆزیی ئێمە بۆ لایەنێک یان سەرۆکێک نییە، بەڵکو بۆ ئەمەریکایە، لەبەردەم ترەمپ دان بە شکستدا دەنێم، بەڵام دەستبەرداری شەڕی ئازادی و دادپەروەری نابم، لەبەر ئەوە، بە ترەمپم گوت لە پڕۆسەی گواستنەوەدا یارمەتی دەدەین و بەشداری لە گواستنەوەی دەسەڵاتی ئاشتیانەدا دەکەین."
هاریس جەختیشی کردەوە "هەرگیز دەستبەرداری شەڕی داهاتوو و خەبات بۆ دیموکراسی و سەروەریی یاسا نابم."
لای خۆیەوە، سەرۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی هاریس، جین ئۆمالی، ڕایگەیاند "دۆڕان بەشێوەیەکی باوەڕ پێنەکراو ئازاربەخشە، ئەستەمە."
ئۆمالی درێژەی بە قسەکانی دا گوتیشی: "کاتێکی زۆری دەوێت بۆ چارەکردنی ئەمە، بەڵام کاری پاراستنی ئەمەریکا لە ژێر دەسەڵاتی ترەمپ لە ئێستاوە دەست پێ دەکات، ئەوە سەرەتایەکە نەک کۆتایی."
سەرکەوتنی ترەمپ ڕوون و خێرا بوو، چونکە بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ویلایەتی کارۆلاینای باکوور و جۆرجیای بردەوە، پێش ئەوەی سەرکەوتنەکانی لە پێنسیلڤانیا و ویسکۆنسێن ڕابگەیەندرێن و هیواکانی هاریس تێک بدەن.
تا ئێستە ئەنجامی 4 ویلایەت بڵاونەکراوەتەوە و ئێستا ترامپ 295 دەنگی نوێنەرانی هەیە لە بەرامبەر ڕکابەرەکەیدا کە 226 دەنگی نوێنەرانی هەیە، ئەمەش 270 دەنگی تێپەڕاندووە کە پێویستە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان.