تیروپشکی دابەشکردنی زەوی بەسەر سێ هەزار فەرمانبەردا کرا

ئومێد خۆشناو شوێنی دابەشکردنی زەوییەکان ئاشکرادەکات

پارێزگاری هەولێر: "پیرۆزبایی لەو سێ هەزار فەرمانبەرانە دەکەین، کە ئەمڕۆ ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی دەرچووە."

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بڕیارەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێدانی زەوی بەسەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە مەرجەکانیان تێدایە."

گوتیشی: "دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆک وەزیران، ڕێکارەکانی دابینکردنی زەوی دەستی پێ کرد، بەخۆشحاڵیەوە دوای تەواو بوونی ماستەرپلانی هەولێر، یەکێک لە باشترین شوێنەکانی هەولێر دیاری کرا ئەویش دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی هەولێر-دهۆک." 

ئاماژەی بەوەش دا بە گوێرەی  ئامادەکارییەکانی ئەو ماستەرپلان و دیزانییەی بۆ ئەو زەوییانە کراوە، شارێکی مۆدێرن دروست دەکرێت کە:

1- ئاوی بە ئاسانی پێ دەگات، چونکە نزیک پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێرە. 

2- لەدیزاینکردنیدا شەقامی 30 مەتری و 20 مەتری تێدایە، کەمترین ژمارە شەقامی 12 مەتری تێدایە، هەروەها هەموو خزمەتگوزارییەکی بۆ دابین دەکرێت، وەک "ڕێڕەوی پاسکیلسواری، ڕێژەی سەوزایی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە."

باسی لەوەش کرد "ئەمرۆ پێنجشەممە، تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی پلاندانان، کاروکارباری کۆمەڵایەتی، شارەوانی و پەرلەمانی کوردستان، بەشێواز و میکانزمێکی باش کرا، هەروەها پیرۆزبایی لەو سێ هەزار فەرمانبەرانە دەکەین کە ناویان دەرچووە." گوتیشی: "دوای دڵنیابوون لە سوودمەندبوونیان ئینجا کارتەکانیان پێ دەدرێت."