ڕاوێژکاری خامەنەیی: بە 'ئاقڵانی' وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە

عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران
عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران

هەرچەندە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، وەڵامیان بۆ هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل یەکلاکەرەوە و بەهێز دەبێت، بەڵام  عەلی لاریجانی، ڕاوێژکارەکەی دەڵێت: نابێت ئێران بکەوێتە تەڵەی ئیسرائیلەوە.

عەلی لاریجانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵدەدات گرژیەکان بگوازێتەوە بۆ ئێران و شەڕێکی نوێ دروست بکات، ئەوەش دوای ئەو شکستەی لە غەززە و لوبنان بەسەریدا هات.

جەختیشی کردەوە؛ پێویستە ئێران نەکەوێتە "تەڵەی ئیسرائیل"، بەڵام دەبێت بە 'ئاقڵانی وەڵامی تەلئەڤیڤ بدرێتەوە'.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئێران کۆتایی بە ئیسرائیل بهێنێت و بڕیارێکی دروست لەبارەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی بدات.

لای خۆیەوە عەلی خامەنەیی، ڕێبەری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو جەختی لەوە کردەوە، "وەڵامی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل توند دەبێت".

لە بەرامبەردا مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ناتوانێت ڕێگە بدات هێرشی ئیسرائیل بەبێ وەڵام تێپەڕێت.

دوو بەرپرسی ئەمەریکی و ئیسرئیلی ئاشکرایان کرد کە ئیدارەی جۆو بایدن، هەفتەی ڕابردوو هۆشداریی دایە تاران لە وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل.

لە 26ـی ئۆکتۆبەردا ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر سێ پارێزگای ئێران، هاوکات تاران سوێندی خوارد وەڵامدانەوەیەکی شیاو لە شوێن و کاتی گونجاودا دەبێت.