نووری مالیکی: ئەولەوییەتی عێراق بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەعسییەکانە
نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: "بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە عێراق لەبەردەم دوو بژاردەیە، بەڵام ئەولەوییەتی عێراق بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەعسییەکانە و هۆشداری لە هەوڵەکانی شکست پێهێنانی پرۆسەی سیاسی عێراق دەدات."
مالیکی لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا گوتی: "لەم ڕووداوانەی بەرۆکی جیهان و ناوچەکەی گرتووەتەوە، بە تایبەتیش عێراق، پێشبینی دەکەین بازنەی ئەم شەڕە فراوانتر بێت و بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، بەڵام مەرامی ئیسرائیل و پشتیوانکارانی لەم شەڕە، ئەوەیە لە ئاسایشی و سەقامگیری ناوچەکە بدەن، بۆ ئەوەی هەر هەمووی بە بەرژەوەندی (ڕژێمی زایۆنی) بشکێتەوە."
"عێراق لەبەردەم دوو بژاردەیە"
گوتیشی: "عێراق بازنەی ئاڵنگارییەکان و پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکان بەدەر نییە و لە نێوان دوو بژاردە دایە؛ یەکەمیان عێراق وڵاتێکی پەراوێزخراو نییە، بەڵکو وڵاتێکی سەرەکیی ناوچەکەیە و ناتوانێ لە لێکەوتەکانی ململانێ و ئاڵنگارییەکان دوورە پەرێز بێت، یان لەسەر خواستی دەرەکی لەم دۆخە بەدەر بێت. دووەمیان ئەوەیە، عێراق دەبێت بە چڕی چاوی لەسەر پاراستنی ئاسایش و دۆخی ناوخۆیی بێت، لەسەر ئەو ڕووداوانەی کاریگەریی و کاردانەوەیان لەسەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی سیاسیی عێراق دەبێت."
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتیی یاسا ڕایگەیاند "دەبێت کۆنترۆڵی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بکرێت و لە هەمانکاتدا بەشداری سەقامگیریی ئەمنی ناوچەکەش بین، چونکە ئەوەی بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەمان، تیرۆرە، لەگەڵ ئەوانەی پشتوانیی ئەو گرووپە تاوانکاریانە دەکەن."
"پرۆسەی سیاسیی عێراق"
مالیکی گوتی: "خاڵێکی دیکە هەیە کە لاوازیی پرۆسەی سیاسییە و هەوڵ دەدرێت بە تەقاندنەوەی قەیرانە ناوخۆییەکان، ژێرخانی حکوومەت و ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیرییەکەی لەبار ببەن، هەربۆیە پێویستە حکوومەت، هێزە سیاسییەکان، عەشایەرەکان و سەرجەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، کە هەر یەکێکیان ئەرکێکی لەسەر شانە و دەبێت بیکات، بەڵام ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەت و دامەزراوەکانی و سیاسەتەکانی، ئەوانی دیکەش بە گوێرەی سەنگ و پێگەیان ئەرک و بەرپرسیارێتیان بەردەکەوێت."
"لێرەوە بەو پەڕی ڕێزەوە، پشتیوانی لەو ڕاگەیەندراوە دەکەین کە لەلایەن مەرجەعی باڵا بڵاوکراوەتەوە و ئاماژەی بە چەند پرسێکی ڕیشەیی کردووە، سەرەتاش دەبێت حکوومەت پابەندی بێت و دواتر هێزە سیاسییەکان، کە ئامانجەکەشی ئامادەکارییەکانی وڵاتە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە کە دەکەوێتە سەر حکوومەتی ئێستا."
"چەکی بێمۆڵەت"
سەرۆکیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕاشیگەیاند "دەبێت چارەی چەکی بێمۆڵەت بکرێ و کۆتایی پێ بهێنرێت و نابێت چیتر چەک لەدەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بن، چونکە چەکی بێمۆڵەت دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و نیگەرانی لەسەر دامەزاوەکانی دەوڵەت."
"دەستوەردانی دەرەکی"
گوتیشی: "دەبێت کۆتایی بە هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی لە داڕشتنەوە ئیدارەی دەوڵەت بهێنرێت، ئەمەش بەو مانایەن نایەت کە نابێت عێراق پەیوەندییەکی دۆستانە و جیاوازی لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە نەبێت، بەڵکو دەبێت لە پەیوەندییەکاندا ڕێز لە ئیرادەی خەڵک و وڵاتی عێراق بگیرێت و هیچ دەستوەردانێکی تێدا نەکرێت کە زیان بە سەروەری عێراق بگەیەنێت."
"بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەعسییەکان"
هەر لە پەیامەکەیدا هۆشداری لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر کرد و گوتی: "دەبێت ئامادەکارییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و تیرۆریستان بکرێت، بۆ ئەمەش پەرە بە تواناکانی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری بدرێت، هاوکات بایەخ و پشتیوانیی زیاتر بە حەشدی شەعبی بدرێت کە هەڵوێستی نیشتمانیانەیان هەبووە لە پاڵ هێزە ئەمنییەکاندا."
"هەروەها دەبێت هەوڵەکانی ڕاوەدونانی شانەکانی تیرۆر چڕ بکرێنەوە کە نیازیان وایە زیان بە پرۆسەی سیاسیی بگەیەن، لە کۆتاییشدا دەبێت بەوپەڕی هێز و تواناوە ڕێگریی لە شانەکانی حزبی بەعس بکرێت، کە لە چەند وڵاتێکی هەرێمی و گەورەوە خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەن، کە بوونەتە ئامرازێک بۆ دەستی دوژمنانی عێراق، بەڵام ڕاوەدونانی ئەو شانانە بە گوێرەی پێویست نییە، هەربۆیە دەبێت حکوومەت چاوکراوەتر بێت و ڕێگریی لە چالاکییەکانی شانەکانی بەعس و تیرۆریستان بکات."