ئێران پەیامێك ئاراستەی خەڵک و حکومەتی ئەمەریکا دەکات

پشتگیریی لە خۆپیشاندانەکان دەکات

K24 – هه‌ولێر:

عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانییدا، پەیامێکی ئاراستە خەڵک و حکومەتی ئەمەریکا کرد.

عەباس مەوسەوی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمەریکا و خنکانی گەنجێکی رەشپێست لە لایەن پۆلیسەوە گووتی، بۆ هەموو خەڵکی ئەمەریکا، جیهان گوێی لە هاواری ئێوە بەرامبەر بە دۆخی داپڵۆسینتان هەیە. جیها لەگەڵ ئێوەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت: "هەروەها بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا و پۆلیس، توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکەکەتان مەکەن و رێگایان بدەن هەناسە بدەن".

پێشتریش، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە حکومەتی ئەمەریکا کردبوو، توندوتیژی بەرامبەر بە رەشپێستە ئەمەریکییەکان بوەستێنێت.

بەهۆی خنکانی جۆرج فلۆید، هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمەریکی لە کاتی دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیس، شەپۆلێکی ناڕەزایی بەشێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکای گرتووەتەوە و بەهۆیەوە دەیان دوکان و فرۆشگا سووتاون و تاڵانکراون، هەروەها سەدان خۆپیشاندەریش دەستگیر کراون.