سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بۆ فرانس پرێس: قەتەر لە نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل دەکشێتەوە
سەرچاوەکەی دیپلۆماسی ئاشکرای کرد، قەتەر لە ڕۆڵی نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کشایەوە.
ئەمڕۆ شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، قەتەر بە حەماسی گوتووە کە نووسینگەکەی لە دەوحە چیتر خزمەت بە ئامانجەکەی ناکات و پێویستە دابخرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، قەتەر لە ڕۆڵی نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان کشایەوە.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیاندووە، حەماس ئەو دەنگۆیانەی هەموو ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن ئیتر لە قەتەر شوێنیان نابێتەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، پێشتریش تۆمەتی هاوشێوە بڵاو بووەتەوە بەبێ ئەوەی بەڵگەی پشتڕاستکراوە هەبێت.
هەروەها پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، واشنتۆن قەتەری ئاگادار کردووەتەوە کە بوونی حەماس لە دەوحە چیتر قبوڵکراو نییە.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە گوتیشی: داواکاری وڵاتەکەمان دوای ئەوە هات کە حەماس لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دوایین پێشنیازی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن سەبارەت بە ئازادکردنی دیلەکانی ڕەت کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی حەماسەوە، ڕایگەیاندووە: تا ئێستا بزووتنەوەکە هیچ داواکارییەکی بۆ جێهێشتنی قەتەر پێنەگەیشتووە.
ئەو بەرپرسەی حەماس جەختی لەوە کردەوە، ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە کە بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە نەناسراو و پشتڕاست نەکراوەیە.
هەینی 8ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، حکوومەتی قەتەر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە بە سەرکردەکانی حەماسی گوتووە "ئیتر قەتەر پێشوازیتان لێ ناکات". هۆکارەکەشی پەیوەندی بە چارەنووس و ئازادنەکردنی بارمتە ڕفێندراوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023یە، کە تاوەکوو ئێستا لە دەستی چەکدارانی حەماس دان و لە دانووستانەکانیشدا هیچ نەرمییەکیان لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان نەنواندووە.
لە لایەکی دیکە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، سەرکردەکانی حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بڕیارەکەی حکوومەتی قەتەر ئاگادار کراونەتەوە.
قەتەر وەک وڵاتێکی نێوەندگیر تاوەکوو ئێستا چەندینجار میوانداری دانووستانەکانی ئاگربەستی شەڕی غەززەی کردووە، بەڵام دانووستانەکانی دەوحە و قاهیرە بۆ ڕاگرتنی شەڕ بێ ئەنجام بوون.