دەستەی وەبەرهێنان: بە کاش پارە بە وەبەرهێنەرانی هەندێک پرۆژە مەدەن
دەبێت ئەو پرۆژانەی کێشەیان هەیە، لافیتەیەکیان لێ هەڵبواسرێت
K24 - هەولێر
دەستەی وەبەرهێنان داوادەکات هەر پرۆژەیەک کێشەی هەیە و دراوەتە وەبەرهێنەرێکی دیکە، لافیتەیەک لەبەردەمی هەڵبواسرێت، تاوەکو بە کاش پارە بە وەبەرهێنەر نەدەن.
دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان، نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كردووە و داوای كردووە، پارەی پێشەکی (کڕینی یەکەکان) و (قیستی مانگانە)ـیان بخرێتە نێو هەژمارێکی بانکیی هاوبەش، کە ژمارەکەی لەسەر لافیتە هەڵواسرەوەکە ئاماژەی پێدرابێت، هاوکات ژمارە بانکییەکە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەبەرهێنانەوە دیاری دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکە ئاماژە بەوە دەراوە؛ نابێت کڕین و فرۆشتن بە شێوەی کاش (نەخت) بکرێت و، وەک قەرز بدرێتەوە بەڵێندەر یاخود خاوەن قەرز، بەبێ رەزامەندیی دەستەی وەبەرهێنان، ئەگەرنا رێکاری یاسایی بەرامبەر وەبەرهێنەرەکە دەگیرێتەبەر و، دەچێتە خانەی فێڵکردن لە کڕیار.
"دەستەی وەبەرھێنان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بەرپرسیارێتییەک ناگرنە ئەستۆ، کڕیار و نووسینگەكانی خانووبەرە خۆیان بەرپرسیارن لە هەر لێکەوتەیەکی نایاسایی"، هەروەها هەر نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتن گرێبەستی لەو شێوازە واژۆبکات، بەرپرسیارە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هـ.ر.