وەزارەتی خوێندنی باڵا: لە زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کۆلێژی پزیشکی گشتیی نییە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، لە هیچ زانکۆیەکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان کولێژی پزیشکی گشتیی نییە، چونکە کردنەوەى ئەو کۆلێژە پێویستى بە هەموارى یاسا هەیە.
شەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەک بەرچاوڕوونییەک بۆ دایک و باوکان و قوتابییان، بەپێى یاساى ژمارە (2)ى ساڵى (2013)ى یاساى زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان، ماددەى پێنجەم، بەشى شەشەم، خاڵى سێیەم، هیچ زانکۆییەکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، کۆلێژی پزیشکی گشتیی نییە.
وەزارەتەکە دەڵێت: کردنەوەى کۆلێژی پزیشکی گشتیی لە زانکۆ تایبەتەکان پێویستى بە هەموارى یاسا هەیە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە پێویستى دەزانێت، قوتابییان ئاگادار بکاتەوە کە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کە لایەن وەزارەتەوەمۆڵەتیان پێدراوە (کۆلێژى پزیشکى گشتى)ـیان نییە.