چیڕۆکی زیندانەکانی داعش لە مۆزەخانەیەکی مەجازیدا نمایش دەکرێن

تونێلێکی داعش لەژێرەوەی یاریگایەک کە لەلایەن ئەندامێکی هەسەدەەوە دۆزراوەتەوە
تونێلێکی داعش لەژێرەوەی یاریگایەک کە لەلایەن ئەندامێکی هەسەدەەوە دۆزراوەتەوە

محەمەد عەتار، زانای ئایینی عێراقی، کە خۆی لە ساڵی 2014 لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە گیرابوو، باس لەو کاتانەی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت، هەموو چڕکەساتەکانی هێشتا لەبیرە.  باس لەوە دەکات کە لەبەر ڕەتکردنەوەی بەیعەتدان، لە دووکانی بۆنفرۆشییەکەی لە مووسڵ دەستگیر کرا و زیندانی کرا. 

عەتار دەیگرێتەوە کە لەنێو زیندانەکانی داعش، فرمێسکەکانی لەژێر پەتۆی زیندانەکەدا دەشاردەوە بۆ ئەوەی دیلە گەنجەکانی دەوروبەری پەرێشان نەبن. ئاماژەی بەوە دەدات "ئەگەر بیانبینیبایە من دەگریم، تێک دەشکان".

لە ماوەی زینداییەکەیدا، عەتار ئەشکەنجەی زۆری چەشت و باس لەوە دەکات کە ژوورێکی قەرەباڵغی لەگەڵ 148 پیاوی تر لە زیندانی ناسراوی "ئەحداس" لە مووسڵ بەش کردووە.

داعش لە ساڵی 2014 بەشێکی زۆری سووریا و عێراقی داگیر کرد و خەلافەتێکی دڕندانەی ڕاگەیاند کە یاسای توندی جێبەجێ دەکرد: لەسێدارەدانی ھاوڕەگەزخوازان، بڕینی دەستی دزەکان و زیندانیکردنی ئەوانەی گومانی "سیخوڕی" یان "ھەڵگەڕاوەیی" لێ دەکرا. 

زۆربەی ئەو کەسانەی لەلایەن داعشەوە دەستگیرکران، لە زیندانەکانی دەرنەچوون.

پاراستنی ڕابردوو، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا 

ئەزموونی عەتار بەشێکە لە ئەرشیفێکی دڵتەزێن کە زیاتر لە 500 شایەتحاڵی ڕزگاربووی تێدایە کە لەلایەن مۆزەخانەی زیندانەکانی داعشەوە کۆ کراوەتەوە.

ئەم مۆزەخانەیە پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینە کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسی سووری "عامر مەتەر" و تیمێکی تایبەت لە ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە.

لە ساڵی 2017ەوە، ئەم چیڕۆکانەیان کۆ کردووتەوە، کە ئێستا بە شێوەیەکی مەجازی نمایش دەکرێن و لە پێشانگایەکی فیزیکی لە بارەگای یونێسکۆ لە پاریس تا 14ی نۆڤەمبەر نیشان دەدرێن.

مەتەر، کە تەمەنی 38 ساڵە، بە هۆی تراژیدیایەکی کەسی بریاری دائەم مۆزەخانە مەجازییە دابمەزرێنێت و دەطێت، "داعش براکەمی لە ساڵی 2013 ڕفاند".

دوای شکستی سەربازی داعش لە 209، مەتەر و تیمەکەی چوونە ناو زیندانە کۆنەکان لە سووریا و عێراق، و توانیان ھەزاران بەڵگەنامە و پەیامی زیندانیانی ھەڵکەنراویان بدۆزنەوە.

لە نێو دۆزینەوەکاندا ناو، ئایەتی قورئان، و وشەی گۆرانی دڵتەزێن ھەبوون کە لە ناو یاریگایەکی تۆپی پێ کە کرابوو بە زیندان لە ڕەققەی سوریا ھەڵکەنرابوون. 

"پەیامێک بۆ داھاتوو"

کاتێک بیری زیندانیکرانی خۆی لە زیندانێکی حکوومی لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا دەکاتەوە، مەتەر باس لەوە دەکات، ناوی خۆی لەسەر دیوارێک ھەڵکەندبوو، ئەمیش لە ترسی ئەوەی کە نەوەک ھەرگیز ئازاد نەکرێت. 

سەبارەت بەو شتانەی کە لەسەر دیواری زیندانەکان نووسرابوون، مەتەر دەڵێت: "ئەمانە پەیامن بۆ داھاتوو تاوەکوو خەڵک بتوانێت کەسێک بدۆزێتەوە".

تیمی پڕۆژەکە بە وردی نزیکەی 100 شوێنی زیندان و 30 گۆڕی بەکۆمەڵیان تۆمار کردووە، وێنەی سێ ڕەھەندییان گرتووە و زیاتر لە 70 هەزار بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە داعشیان کردووە بە دیجیتاڵ. 

ئەم ئەرشیفە نەک تەنھا وەک تۆمارێکی مێژوویی بەڵکوو وەک سەرچاوەیەک بۆ کەیسە یاساییەکان دەکرێت بەکاربهێنرێت.

ڕۆبین یاسین-قەساب، سەرنووسەری ئینگلیزی سایتەکە، دەڵێت: "دەمانەوێت تیمە یاساییەکان بزانن کە ئێمە ھەین".

چیڕۆکی مانەوە و لەدەستدان

یونس قەیس، ڕۆژنامەنووسێکی دانیشتووی مووسڵە کە لە پڕۆژەکەدا بەشدارە. ئەو دەڵێت کە هێشتا کاریگەری دەروونی تۆمارکردنی ئەم دڕندایەتیانەی داعش سەرچاوەی ئازارن و بەهۆی چیڕۆکی ئازادکراوانی بندەستی تاوانەکانی داعش شلەژاوە.

یەکێک لە پڕئازارترین چیڕۆکەکان، قەیس دەڵێت، چیڕۆکی دڵتەزێنی ژنێکی ئێزیدی بوو کە چەندین جار لە کاتی بەدیلگرتنی  لە زیندانەکانی داعشدا دەستدرێژی کرابوویە سەر. 

سەرەڕای هەموو ئەو ئێش و ئازارانەوە، پڕۆژەکە ئامانجی ھێنانی دادپەروەری و ھیوایە بۆ خێزانی قوربانیان.

ھەرچەندە مەتەر ھێشتا براکەی خۆی نەدۆزیوەتەوە، بەڵام سوورە لەسەر کارەکەی.

تا ساڵی داھاتوو، مەتەر ھیوای وایە دەستپێشخەرییەکی نوێ بە ناوی "جەواب" (بە عەرەبی واتە "وەڵام") دەست پێ بکات، بۆ یارمەتیدانی کەسانی تر لە دۆزینەوەی چارەنووسی ئازیزانی ونبوونیان