سەرژمێریی 1957 دەکرێتە بنەمای سەرژمێری ئەمجارە
ئامادەکارییەکانی پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بهڕێوه بچێت؛ هاوكات سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق دەڵێت، تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێری ناوچەکانی ماددەی 140 لەبەرچاو گیراوە.
سەرجەم ئامادەکارییەکانی پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق کۆتایی هاتووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ڕێگەی 125 هەزار کارمەندەوە پرۆسەکە بهڕێوه بچێت.
لهم بارهوه، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییەکانیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حكوومهتی هەرێمی تەواو کردووە تاوەکوو پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بهڕێوه بچێت.
ناوبراو ڕوونیشی كردووهتهوه، هەماهەنگییەکی باشیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم بە ئامانجی سەرکەوتنی پرۆسەکە، ئەم پرۆسەیە سەرجەم پارێزگاکانی عیراق دەگرێتەوە لە زاخۆوە تاکو بەسرە، بۆیە پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان و لە بەغدا یان له بەسرە بە یەکشێوە بەڕێوە دەچێت.
ڕوونیشی كردهوه، هەماهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە بۆ رۆژانی قەدەغەی هاتووچۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تەنیا رێگە بە ڕۆژنامەنووسان، کارمەندانی وەزارەتی پلاندانان و کارمەندانی تەندروستی و بەرگری شارستانی دەدرێت هاتووچۆ بکەن، بەڵام قەدەغەی هاتووچۆ فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان ناگرێتەوە و جووڵەی بازرگانی ئاسایی دەبێت.
له لای خۆیهوه زیا کازم، سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق تایبهت به كوردستان24 گوتی، تێبینییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێری ناوچەکانی ماددەی 140 لەبەرچاو گیراوە و به پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرژمێری ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما.
جهختیشی كردهوه، دڵنیایی دراوە لە دوای پرۆسەی سەرژمێری، داتای خەڵکی ئەو ناوچانە بە داتاکانی سەرژمێری ساڵی 1957 بەراورد دەکرێت و داتا و زانیاریی خەڵکی ئەو ناوچانە دەگەڕێندریتەوە بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان نەک شوێنی نیشتەجێبوونیان.
سەرژمێری دانیشتووان تەنها ئەو هاوڵاتیانە دەگرێتەوە کە لە نێوخۆی عێراق دەژین و هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات لە داهاتوودا سەرژمێریان بۆ دەکرێت.
لهم بارهوه عەبدولزەهرە هنداوی. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی تایبهت به كوردستان24 ئاماژهی بهوه كرد، لە دوای 24 کاتژمێر لە کۆتایهاتنی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی ڕادەگەندرێت کە پێک دێت لە کۆی ژمارەی دانیشتووانی عیراق، ژمارەی ڕەگەز و ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، بەڵام ئەنجامی کۆتایی دوو مانگ دواتر بڵاو دەکرێتەوە.
کۆتا سەرژمێری لە عێراق لەساڵی 1997 كراوه. له پرۆسهكهی ئهم جاره 125 ههزار ژمێركار بهشداری دهكهن و داتا و زانیارییەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو تۆمار دەکرێن.