ئێران: هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپمان نەداوە
کۆماری ئیسلامیی ئیران جارێکی دیکە ڕەتی کردەوە پلانی بۆ کوشتن و تیرۆر کردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا دانابێ.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان و لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئاڵۆزتر کردنی ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمەریکا داڕێژراون.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: ئەم تۆمەتە بە تەواوی گوماناوی و دوژمنکارانەیە، ئەوەی باسم کرد جۆرێک مینڕێژ کردنی رێگای پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ئێران و ئەمەریکایە، ئێمە بە ڕاشکاوی، هەموو ئەو تۆمەتانەمان ڕەتکردووەتەوە و بە بێ بنەمایان دەزانین.
لە ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ جار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ قسەی کردووە و ئەوان بە ئاشکرا مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبینن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی:لە ڕۆژانی ڕابردوودا من سێ جار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێراوی ئەمەریکا قسەم کردووە، گفتوگۆکانمان زۆر باش و گرنگ بوون، پلانمان بۆ بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکادا داڕشتووە، بە وردەی گفتوگۆمان کردووە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هێرش و هەڕەشەکانی ئێران ببینەوە.
داواکاریی گشتیی ئەمەریکا کەسێکی بە ناوی فەهاد شاکری و دوو هاودەستی ئەوی بە هاوکاریکردنی سوپای پاسداران بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ و چەند بەرپرسێکی باڵای پێشووی حکوومەتی ئەمەریکا تۆمەتبار کردووە.
بە پێی دۆسیەیەک کە لە لایەن دادگایەکی فیدراڵ لە مانهەتەنی نیویۆرک بڵاو کراوەتەوە، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران داوای لە فەرهاد شاکری کردووە، پلانێک بۆ چاودێریکردن و تیرۆری دۆناڵد ترەمپ دابڕێژێ.