سوپا سالاری سعوودیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسی و بەرگرییەکان چۆتە ئێران

ئێران و سعوودیە
ئێران و سعوودیە

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، فەیاز ئەلڕویڵی، سوپاسالاری سعوودیە سەردانی ئێرانی کردووە و لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، محەممەد باقری، سەبارەت بە پەرەپێدانی دیپلۆماسیی بەرگری و هاوکاریی دوولایەنە گفتوگۆیان کردووە.

هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە پێی ڕاگەیاندووە، بەهۆی ترافیکی کارییەوە ناتوانێت لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە ڕیاز بەشدار بێت و جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار لەو دیدارەدا بەشدار دەبێت.

ساڵی 2016 بەهۆی ئەوەی سعوودیە ڕۆحانییەکی شیعەی بە ناوی نەمر ئەلنەمر لە سێدارە دا، پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران بە یەکجاری ڕاگیرا.

لە کاتێکدا ئێران لە یەمەن پشتیوانی لە حووسییەکان دەکات کە هەوڵیان دا حکوومەتی عەبدڕەبە مەنسوور هادی نزیک لە سعوودیە لەناو ببەن، سعوودیەش هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیی پێک هێناوە کە زیاتری ئەندامەکانی لە وڵاتانی سوننە پێک هاتووە و لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بەتایبەتی ئەمەریکاوە پشتیوانیی لێ دەکرێت بۆ ئەوەی نفووزی ئێران لە یەمەن کەم بکەنەوە.

سباستین سانز، ئەندامی خانەی هزریی کارپۆ لە بەرلینی ئەڵمانیا بە ماڵپەڕی دۆیچەلەی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی ساڵی 2019 لەلایەن گرووپەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرش کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی سعوودیە، ئەو وڵاتە دەیەوێت بە نزیکبوونەوە لە ئێران، ئەو جۆرە هەڕەشانە لەسەر خۆی کەم بکاتەوە. هەروەها ئەو وڵاتە دەیەوێت وەک ناوبژیوانێکی ناوچەیی درێژە بە ڕۆڵی دیپلۆماسیی خۆی لە ناوچەکەدا بدات.

ئێران و حووسییەکانی یەمەن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی یەکتردا کار دەکەن و لە کاتێکدا حکوومەتی ئێران نیگەرانی پەرەسەندنی ئاڵنگارییە ئابوورییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی یەمەن هەبێت و بە نزیکبوونەوە لە سعوودیە بەشێک لە نیگەرانییە ئابوورییەکانی بڕەوێنێتەوە.