پەرلەمانتارێک: هیچ ناکۆکییەک لەسەر یاسای باری کەسێتیەوە نییە و بەم زووانە پەسەند دەکرێت

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ ناکۆکییەک لەبارەی یاسای باری کەسێتیەوە نییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە پەسەند دەکرێت.

ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕائید مالیکی بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، "درێژکردنەوەی ماوەی یاسادانان بە مەبەستی پەسەندکردنی هەندێک یاسا بووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە ناکۆکیان لەسەر هەبووە"، ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو یاسایانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەر دەکرێت دەردەچن و پەسەند دەکرێن".

ڕائید مالیکی گوتیشی: "ئێمە حەز دەکەین هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی تێپەڕێنین بەو پێیەی هیچ ناکۆکییەکی لەسەر نییە"، دەشڵێت: "ناکۆکی لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی زۆر کەمن و دەتوانرێت لە یەک کۆبوونەوەدا چارەسەربکرێن".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، "هەندێک یاسای دیکە هەن کە ڕەنگە پەیوەندییان بە پەروەردە و تەندروستییەوە هەبێت، لەوانەیە بخرێنە ناو کارنامەی کارەوە، هەروەها هەوڵدەدەین، یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و یاسای ڕێکخستنی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بخەیەنە کارنامەی کارەوە".