ئیخڵاس دلێمی: ئامانجی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر چارەکردنی کێشەکانە

ئیخلاس دلێمی، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق
ئیخلاس دلێمی، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق

بڕیار وایه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات؛ هاوكات په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌ردانه‌كه‌ بۆ چاره‌كردنی كێشه‌ و ئاڵنگارییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێره‌.

سێشه‌ممه‌، 12ـی تشرینی دووه‌می 2024، ئیخڵاس دلێمی، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 13ـی تشرینی دووه‌می 2024، بۆ هه‌رێمی كوردستان  به‌ ئامانجی چاره‌كردنی كێشه‌ و ئاڵنگارییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێره‌.

دلێمی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، سوودانی هه‌روه‌ها له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا پیرۆزبایی له‌ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات و پێشهاته‌كانی تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی ڕوونیشی كرده‌وه‌، سوودانی سه‌ره‌تا سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات و پاشان ده‌چێته‌ سلێمانی بۆ پیرۆزبایی لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان.