بەغدا ڕەتی دەکاتەوە ئێران مووشەکی پێشکەوتووی هێنابێتە عێراق بۆ لێدانی ئیسرائیل

گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق
گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق

هێرشی گرووپە چەکدارە نایاساییەکانی عێراق دژی ئیسرائیل، ئاڵۆزییەکانی زیادکردووە، هاوپەیمانی سووننی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ڕایدەگەیەنێت: سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی توانای وەڵامدانەوەی گرووپە چەکدارەکانی نییە، دەشڵێت: دیپلۆماتکارە ئەمەریکاییەکان حکوومەتی عێراقیان بەوە تۆماتبار کردووە نەرمی بەرامبەر ئەو گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە دەنوێنێت.

لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا، 20 جار گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، چەند هۆکارێکیش هەیە بۆ زیادبوونی هێرشەکان، هۆکارێک پەیوەستە بە هەندێ لە ڕاپۆرتە سیاسییەکان  لە بەغداوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەفتاری گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بە بڕیاری وڵاتانی هەرێمییە، یاخود ئەو وڵاتە هەرێمیانە هەوڵی زیادکردنی ئاڵۆزییەکان دەدەن، بۆیە گرووپە چەکدارەکان هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیاد کردووە.

هۆکاری دووەمیش پەیوەستە بەو زانیارییانەی لەنێو گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەیە، ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆبوونەوەی شانەیەکی ناسراو بە بەرەی موقاوەمە کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و سوپای پاسدارانی ئێرانی و حەماس و جیهاد لە فەڵەستین و حزبوڵڵای لوبنانی و گرووپەکانی ئەنساروڵڵای حوسیی لە یەمەن، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریان داوە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاد بکەن.

هۆکاری سێیەمیش کە هۆکارێکی گرنگە، ئەو هەڵوێستەیە کە لە هەماهەنگیی شیعەوە دەرچووە وەک گەورەترین کوتلەی سیاسی لە حکوومەتی عێراقی، هەڵوێستەکانیشیان زۆر توندە دژی ئیسرائیل.

لەبەرامبەردا، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق ڕەتی دەکەنەوە هیچ مووشەکێک لە عێراق هەبێت، یاخود ئێران هیچ مووشەکێکی پێشکەوتووی هێنابێتە نێو خاکی عێراق بۆ لێدانی ئیسرائیل، دەڵێن: ئەو لێدوانانە ئامانجیان ئەوەیە بەهانە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر عێراق.