سیروان محەممەد: پرۆسەی سەرژمێریی پێشوو بە سیاسی کرابوو

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: نیگەرانییەکانی ئێمە لە بە سیاسیکردنی سەرژمێرییە، هەروەها سەرژمێرییەکەی پێشووش بە سیاسی کرابوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024، سیروان محەممەد، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی باسی رۆژی كوردستان24ـدا، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: ئێمە ناتوانین لەسەر هیچ بابەتێك كە لە عێراق بەڕێوە دەچێت مەترسییەكان بە تەواوی لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكە نەهێڵێین.

ناوەبراو جەختی لەوە کردەوە، کە دەتوانن هەندێک لە مەترسییەكان سەرژمێرییەکە کەم بكەنەوە تا كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی مادەی 140 نەبێت. 

لەبارەی ئامادەكارییەكانیش ئاماژەی بەوە كرد، گەیشتوونەتە ئەوەی بژمێرەكان هەڵبژێرن تا لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی هاووڵاتییان بكەن.

بریكاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: نیگەرانییەکانی ئێمە لە بە سیاسیکردنی سەرژمێرییە، هەروەها سەرژمێرییەکەی پێشووش بە سیاسی کرابوو.

گوتیشی: داتاکانیت سەرژمێری بۆ حکوومەت گرنگن و %60ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەنێوان 15 بۆ 60 ساڵانن.