هۆکاری نەچوونی مێلانیا بۆ کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپی هاوسەری ئاشكرا کرا

ماڵپەڕی ئیکۆنۆمیک تایمزی هیندی ڕایگەیاند: کاتێک FBI بەسەر ماڵەکەی داداوە لە 2022 سەیری جلوبەرگی ژێرەوەی مێلانیایان کردووە، بۆیەش مێلانیا ترەمپ بانگهێشتنامەکەی کۆشکی سپی ڕەت کردووەتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ نەچووە کۆشکی سپی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، ماڵپەڕی ئیکۆنۆمیک تایمزی هیندی، بڵاوی کردەوە، هۆکاری ڕەت کردنەوەی بانگهێشتانەمەی جۆو بایدن لەلایەن مێلانیاوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا "FBI" لە سەردەمی سەرۆکایەتی بایدندا هەڵیکوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێونیان لە مار-ئا-لاگۆی فلۆریدا و تەنانەت "جلی ژێرەوەی مێلانیاشیان پشکنیوە".
وەک ڕاپۆرتەکە ئاماژی پێ دەکات، هاوسەری دۆناڵد ترەمپ، بایدن بە بەرپرسیاری ئەو ئابڕووچوونە دەزانێت. هەروەها ئەم ڕەفتارەی مێلانیا بووەتە جێگای مشتوومڕ. لایەنگرانی ترەمپیش پشتگیری بڕیارەکەی دەکەن و بەرز دەینرخێنن.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو ،کە لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ مێلانیا کە لە ساڵی 2018دا لە کەناڵی ABC بڵاو کراوەتەوە و لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگی داوەتەوە، مێلانیا دەڵێت: کە ئەو، "گێچەڵپێکراوترین کەسە لە جیهاندا،" و "هیچ دڵخۆش نییە بە بوونی لە کۆشکی سپی." هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە، "هەرگیز دڵی بە هاوسەرگیریی لە گەڵ ترەمپ خۆش نەبووە." ڕەنگە ئەمانەش یەکێک بن لە هۆکارەکانی نەچوونی مێلانیا بۆ کۆشکی سپی.
لە پاش بوونی ترەمپیش بە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2017، مێلانیا ترەمپ بۆ چەندان مانگ نەچووە کۆشکی سپی کە ئەمەش پێچەوانەی نەریتی سیاسی ئەمەریکایە، کە پاش چوونی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆشکی سپی، خانمی یەکەمیش هاوشانی ئەو لەگەڵی دەبێت بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی.