وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایان و قوتابیانی ناوچەکانی ماددەی 140 دەکەونە پشوو

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بەمەبەستی بەشداربوونیان لە پرۆسەی سەرژمێری، مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و قوتابیانی ناوچەکانی ماددەی 140، لە رۆژی دەرچوونی فەرمان تا 23ـی تشرینی دووەمی2024 پشوویان دەبێت.

پێنجشەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2024، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئیمزای ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە فەرمانێکی دەرکردووە کە تێیدا ڕایدەگەیەنێت: سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و قوتابییان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ـی دەستوورن، پشوویان دەبێت تا 23ـی تشرینی دووەمی 2024، بەمەبەستی بەشداربوونیان لە پرۆسەی سەرژمێری، هاوکات ناوەندەکانی خوێندنی نا حکوومی بە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانیشەوە، پێویستە تەواوی کارئاسانی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانیان بکەن کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی 140ـی دەستوورن، بەمەبەستی بەشداربوونیان لە پرۆسەی سەرژمێری.

وەزارەتی پەروەردە ڕاشیدەگەیەنێت:هەر قوتابییەک لە ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و نا حکوومی بەهەموو جۆرەکانیانەوە، لەو ماوەیەی کە دەبێتە پشوو تاقیکردنەوە هەبێت، پێویستە پاش گەڕانەوە لەدوای 23ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە تاقیکردنەوەی بۆ ئەنجام بدرێتەوە.