ئافرەتێك: لەناو بازاڕی سلێمانی تووشی كۆرۆنا بووم

تووشبووانی كۆرۆنا بۆ كوردستان24 ده‌دوێن

K24 - سلێمانی

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا، ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی و پارێزگای سلێمانی به‌ تایبه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌ هه‌ڵكشان كرد. کوردستان24 بەشێک لە تووشبوانی ناو نەخۆشخانەكانی سلێمانی دەدوێنێت، ئەوان باس لەو دەکەن پێشتر کۆرۆنایان لائاسایی بووە، بەڵام ئێستا ھەست بە ئازارەکەی دەکەن، کە چەندە ماندوویانی کردووە.

یه‌كێك له‌ تووشبووان كه‌ ئافره‌ته‌ و بە كوردستان24ی گوت "له‌ رۆژی پێش جه‌ژن چووم بۆ بازاڕ و به‌ریه‌ككه‌وتنم هه‌بووە و رۆژی دواتر نیشانه‌كانی كۆرۆنا ده‌ركه‌وتن".

گوتیشی: "لە دوكانێكی جلوبەرگ دوو ئافرەتی بیانی لێ بوو، جلێكم كڕی كە پێشتر یەكێك لەو ئافرەتانە لەبەریان كردبوو بە مەبەستی تاقیكردنەوە، لە رۆژی یەكەمی جەژن لەبەرم كرد و تووشی كۆرۆنا بووم".

ھەروەھا تووشبووێكی دیكە، كە 14 رۆژە لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە. نەخۆشیەکە ھێندە کاریگەری لەسەر دۆخی دروستکردووە، بەئەستەم ھەناسەی بۆ دەدرێت، ئەو دەڵێ: "خۆشم نازانم چۆن تووشبووم، زۆر خۆم دەپارێزم و كەم دەچوومە دەرەوە".