نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە
گەیشتە سەروو 40 دۆلار
K24- هەولێر:
بۆ یەکەمجار لە مانگی ئادارەوە، بەهۆی گەشبینییەکان بەرامبەر بە کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت، نرخی نەوت گەیشتە 40 دۆلار.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە بەروارد بە دوێنێ، 42 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 40 دۆلار و 40 سەنت.
هەروەها، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تێکساس، بۆ 37 دۆلار و 49 سەنت بەرزبووەوە.
رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئەگەرێکی زۆر هەیە، رێکخراوی ئۆپێک هێشتا بەرهەمی نەوت زیاتر کەمبکاتەوە، ئەمەش نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمی خواست، نرخی نەوت بۆ خوار 20 دۆلار دابەزی، بەڵام دوای رێککەوتنی رێکخراوی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم و کەمکردنەوەی رێکارەکانی کۆرۆنا لە جیهان، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.