فازڵ میرانی: یەکخستنی پێشمەرگە ئاسان نییە و مەحاڵیش نییە

فازڵ میرانی
فازڵ میرانی

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: یەکخستنی پێشمەرگە ئاسان نییە و مەحاڵیش نییە.

شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024،فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24 سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە گوتی: شۆڕش ئیسماعیل گوتی، ئەرکە و ویستە، بەڵام لێرەدا کامە کاریگەرتر دەبێت لەسەر ئێمە مانان، ئەوەی پەیوەندیی بە پرسەکە هەیە، پارتی و یەکێتین، پارتەکانی دیکە بە حوکمی بوونیان لەو هەرێمە و پەیوەست بوونیان بە حکوومەت و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە، هێزی بەرگریی لە هەمووان پێک دێت نەوەک تەنها یەکێتی و پارتی، ئەوانیش دەبێت قسەی خێری تێدا بکەن، پرسی یەکخستنی پێشمەرگە ئاسان نییە، مەحاڵیش نییە.

بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەکە ئاسان نییە بەهۆی ئەو دەمارگیرییەی لەنێوانماندا هەیە، ڕاشکاوانە و کوردانە قسە دەکەم، ئاسانە ئەگەر ئیرادە هەبێت وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت، ئینسان خۆی بەرامبەر هەموو شتێک ڕادەگرێت و دەتوانێت هەموو شتێک جێبەجێ بکات، بۆیە دەبێت ئیرادەی هەردوولا سەر بکەوێت، بەمەش ئیرادەی هەرێمی کوردستان سەردەکەوێت و دوژمنەکانی ئێمە پێی قەڵس دەبن، بەڵام دۆستەکانمان پێی خۆشحاڵ دەبن.

فازڵ میرانی ئاماژەی بەوە کرد کە، هێزەکانی هاوپەیمانان لەڕووی لۆجیستی و ڕاهێنانەوە پشتیوانی پێشمەرگە دەکەن، دەیانەوێت هێزێک هەبێت بەرگریی لە وڵاتەکە و میللەتەکەی خۆیان بکەن، ئەو هێزەی ئەوان پشتیوانیان کردووە.