هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: ئیسرائیل بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکا هێرشی نەکردووەتە سەر عێراق

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بوونی گوشارەکانی ئەمەریکای بۆ سەر ئیسرائیل ئاشکرا کرد بە مەبەستی ڕێگریی لە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر عێراق.

سەعد ئەلمەتلەبی، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "تا ئێستا ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمە، هیچ جۆرە هێرشێکی بۆ سەر عێراق نەکردووە." ئاماژەی بەوەش دا "هەر هێرشێکی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن دەبێت."

ئەلمەتلەبی گوتیشی: "ئەمەریکا فشاری لە ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر عێراق، ئەوەش لە ترسی ئاڵۆزبوونی پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن بووە، بەتایبەتی کە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە، هەر لەبەر ئەمەش ​​ئەمەریکا فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئیسرائیل."

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، جەختی کردەوە، بڕیاری شەڕ و ئاشتی لەلایەن دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراقەوە دەدرێت.

سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەکارییەکانی عێراقی ئاشکرا کرد کە پێشبینی هێرشێکی "ئەگەری" ئیسرائیلی دەکرد.

بە گوتەی پەرلەمانتار عەللاوی ئەلبندوای، حکوومەتی عێراق هەنگاوی سەربازی و ئەمنی ناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە بەرزبوونەتەوە.