راهێنەری یانەی پیشەسازی گەورەترین ریكۆردی لە مێژوو تۆمار كرد
یانەكانی چوارقوڕنە، هەندرێن و سیروانی نوێ و شەقڵاوە هێشتا تامی سەركەوتنیان نەكردووە
لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی كوردستان چوار یاریی بەڕێوە چوون، پیشەسازی خەریكە دەبێتە ئەسپەڕەشەكەی ئەم وەرزە و راهێنەرەكەشی ریكۆردێكی گەورەی تۆمار كرد و 610 رۆژە هیچ یارییەكی لە خولەكانی كوردستان نەدۆڕاندووە.
راهێنەری پیشەسازی مێژووی تۆمار كرد
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی كوردستان، لە هەولێری پایتەخت یانەی پیشەسازی میوانداریی یانەی چوارقوڕنەی كرد، یارییەكەش بە تاكە گۆڵێكی محەمەد فاتیح لە بەرژەوەندی یانەی پیشەسازی كۆتایی هات، لە بەرامبەردا چوارقوڕنە هەردوو یارییەكەی ئەم وەرزەی دۆڕاندووە.
پیشەسازی لە یەكەمین وەرزی لە خولی نایابی كوردستان دوو سەركەوتن و بەرامبەربوونێكی هەیە و لوتكەی خولەكەی گرتووە، مەولود رەمەزان راهێنەری یانەی پیشەسازی 610 رۆژە وەكو راهێنەر هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، هەڵبەت ئەو راهێنەرە لە خولی پلەدووی كوردستانەوە قۆناغ بە قۆناغ یانەكەی بەرەو خولی نایاب سەرخستووە، دوایین شكستی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەی پیشەسازی وەرزی 2022 ـ 2023 بوو كاتێك لە خولەكی پلەیەكی كوردستان بە گۆڵێكی بێوەڵام بەرامبەر یانەی شۆڕجەی كەركووك دۆڕا، لە دوای ئەو یارییە ئەو راهێنەرە هیچ یارییەكی دیكەی نەدۆڕاندووە و وەرزی رابردووش لە خولی پلەیەكی كوردستان بەبێ ئەوەی تووشی یەك شكست بێت یانەكەی بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بۆ خولی نایابی كوردستان سەرخست.
رزگار بۆ یەكەمجار لە خولی نایاب دۆڕا
یانەی رزگاری كە ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتووە، دوای سەركەوتنێك و یەكسانبوونێك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی دەربەندیخان تووشی شكستێكی قورس هات، كاتێك یارییەكەی بە 3 گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر جلشینەكانی دەربەند دۆڕاند، هەر 3 گۆڵەكەی دەربەندییەكان لە لایەن مەهدی ساڵح، محەمەد فەرزندە و فەرحان شكوور تۆمار كران. ئەمەش دووەمین سەركەوتنی لەسەریەكی یانەی دەربەندیخان بوو.
شەقڵاوە لە شكست رزگاری بوو
یانەی شەقڵاوە یەكەمین یاریی لەم وەرزە لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی زاخۆ ئەنجام دا، یارییەكەش بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، بەمەش شەقڵاوە بۆ سێیەمین یاریی لەم وەرزە نەیتوانی تامی سەركەوتن بكات، لە بەرامبەردا یانەی زاخۆ بۆ یەكەمین جار لەم وەرزە كەوتە داوی یەكسانبوونەوە.
گۆڵەكانی زاخۆ لەم یارییە لە لایەن جیلێرمی سانتۆس و عومەر بیبۆ تۆمار كران، دوو گۆڵەكەی شەقڵاوەش محەمەد والح و تایر عەلی تۆماریان كرد.
سیروانی نوێ و هەندرێن رۆژێكی خەمناكیان تێپەڕ كرد
هەندرێن لە پێناو یەكەمین سەركەوتن لەم وەرزە سەردانی شاری سلێمانی كرد، نوێنەرەكەی هەولێری پایتەخت بووە میوانی یانەی سیروانی نوێ، یارییەكەش بە یەكسانبوون بەبێ گۆڵ كۆتایی هات، بەمەش ئەم دوو یانەیە دیسان هاندەرانیان لە چاوەڕوانی یەكەمین سەركەوتن هێشتەوە، بەوپێیەی هێشتا نەیانتوانیوە لەم وەرزە تامی سەركەوتن بكەن.