لە 1500 خێزانی گوندی نارێن تەنیا 18 خێزان سەرژمێری کراون

سەرژمێری
سەرژمێری

خەڵکی ڕەسەنی گوندی نارێنی سەر بە پارێزگای دیالە ئاگەداری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەنەوە لەوەی، لە پرۆسەی سەرژمێریدا لە گوندی نارێن کە 1500 خێزانی تێدا نیشتەجێن، بژمێرەکان تەنها 18 خێزانیان سەرژمێریی کردووە. 

یەکشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2024، خەڵکی ڕەسەنی گوندی نارێنی سەر بە پارێزگای دیالە بە نامەیەک ئاگەداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە لە کۆی 1500 خێزانی ڕەسەنی ئەو گوندە، تەنها 18 خێزان لەلایەن بژمێرەکانی پرۆسەی سەرژمێریی وەرگیراون.

وەک لە نامەکەیاندا هاتووە،  ئێمە وەک خەڵکی ڕەسەنی گوندی نارێنـی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە کە لە ئێستادا زیاتر لە 1500 خێزانە، لە ڕۆژانی پێشووتردا تیمەکانی سەرژمێریی سەردانی گوندەکەیان کردین، تەنیا 18 خێزانیان ناونووس کرد، ئەمە لە کاتێکدا خەڵکی ڕەسەنی گوندەکە هاتوونەتەوە گوندەکەیان تا لە سەرژمێریدا لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان بەشداریی پرۆسەی سەرژمێری بکەن،کەچی تیمەکانی سەرژمێری ناویان تۆمارنەکردوون پێیان گوتوون ناوتان تۆمارناکەین بەو پاساوەی کە خانوویان لە گوندەکە نییە، ئەمە لە کاتێکدا کە ناسنامە و کارتی زانیاریی و پسوولەی خۆراک و ئەرزە و ئاومان لەو گوندەیە.

دەڵێن: ئێمە لەم مەرامانە باش تێدەگەین، ئەمە هەنگاوێکی دیکەی تەعریبە و دەیانەوێت لە زێدی خۆمان لە مافەکانمان، لە خاکی باوباپیرانمان بمانسڕنەوە، بۆیە دەبێت هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار بەدەممانەوە بێت و هەرچی زووە ئەم کێشەیەمان چارەسەربکرێت.

 
Fly Erbil Advertisment