سوودانی: باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێری گرتووەتە بەر

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە "سەرژمێریی ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان" و داواش لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن.

سێشەممە، 19-11-2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی گوتارێکی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێریی بکەن، پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن، زانیاریی دروست بدەن و گوێ لە دەنگۆ ناڕاستەکان نەگرن. 

سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرژمێری تەنها چەند ژمارەیەک نین کە کەڵەکە دەبن، بەڵکوو هێڵی دابەشکەری نێوان پێشبینی و ڕاستییەکانە و ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان." 

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لەوەش کرد "سەرژمێری پایەی گەشەپێدان و پێشکەوتن و پێشکەوتنی کارگێڕی و خزمەتگوزارییە و پەیوەندی بە بابەتەکانی پەیوەست بە باج یان بیمەی کۆمەڵایەتی نییە." 

سوودانی جەختی لەوە کردەوە "باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان گرتووەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ورد و زانستی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی خزمەت بە ئێستا و داهاتووی عێراقییەکان بکات."

ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لەو دوو ڕۆژەدا ڕاگەیەندراوە.