نرخی نەوت دابەزی
رووسیا و سعوودییە نرخی نەوتیان دابەزاند
K24 - هەولێر
بەهۆی دروستبوونی گومان لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت، نرخی نەوت دابەزی.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 1.46% و بۆ 39 دۆلار و 21 سەنت دابەزی. هەروەها نرخی یەک بەرمیلی تێکساسیش، دابەزی بۆ 36 دۆلار و 55 سەنت.
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت کە دوێنی بۆ سەروو 40 دۆلار بەرزبووەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێشتر رووسیا و سعوودییە رەزامەندییان دەربڕبوو بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت، بەڵام نەیانتوانی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆببنەوە و کۆبوونەوەکە دواخرا.
ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەندێک لە ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک رەتی دەکەنەوە بەرهەمی نەوتی لەوەی ئێستا هەیە، زیاتر کەم بکەنەوە.