عەزیز ئەحمەد: داوا لە سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دەکەین خۆیان لە هەژماری من تۆمار بکەن

لۆگۆی هەژماری من
لۆگۆی هەژماری من

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن كه‌ وه‌زاره‌ت و كۆمپانیاكانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی له‌ حكوومه‌تی عێراق ڕاسپاردووه‌، په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ بانكه‌ تایبه‌تەکان کە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان هه‌یه‌ به‌هێز بكه‌ن.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2024، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: پێشوازیی لە بڕیارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن كه‌ وه‌زاره‌ت و كۆمپانیاكانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ته‌كانی له‌ حكوومه‌تی عێراق ڕاسپاردووه‌، په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ بانكه‌ تایبه‌تەکان کە لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان هه‌یه‌ به‌هێز بكه‌ن.

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاره‌كه‌ی سوودانی بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی "هه‌ژماری من" یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌ و هاوشێوه‌یە‌ و ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌رده‌خات كه‌ حكوومه‌ت هاوكاریی بانكه‌ تایبەتەکان ده‌كات له‌ به‌ بانكیكردنی مووچه‌ی مووچەخۆران.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەم بریارەی حکوومەتی عێراق هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێت بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشخستنی سیستەمی بانکی. 

ناوبراو گوتیشی: لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەروەها بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەت پێدراون، لە نێویشیاندا ئەو بانکانەی کە لە پرۆژەی "هەژماری من" بەشدارن، داوا لە سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەزووترین کات خۆیان لە "هەژماری من" تۆمار بکەن.

 

بڕیارەکەی سوودانی لەبارەی هاوکاریکردنی بانکە تایبەتەکان بۆ بابەتی بە بانکیکردنی مووچە 

هەر ئەمڕۆ تیمی پرۆژەی 'هەژماری من' بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پێشوازیی لەو بڕیارەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین کە ئاماژە بە هاوکاریکردنی بانکە تایبەتەکان بۆ بابەتی بە بانکیکردنی مووچە دەکات کەوا لە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتییانە و ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئابووریی عێڕاق و هەرێمی کوردستان تەواو گەشە بکات. ئێمە هەمیشە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی و دواهەمین ڕوونکردنەوەی دادگای فیدراڵی کارەکانمان لەگەڵ سەرجەم بانکەکاندا کردووە."

ئاماژەی بەوەش کرد "دوابەدوای ئەم نووسراوە، تیمی 'هەژماری من' کارەکانی خێرا دەکات بۆ ئەوەی سێ بانکی دیکەی ئەهلی لە پاڵ ئەو بانکە حکوومەتی و تایبەتانەی دیکە، بێنە ناو پرۆژەکە و باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن."

تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر خۆیان لە پرۆژەی (هەژماری من) یاخود بەبانکیکردنی مووچە (توطین) تۆمار کردووە و لە ڕێگەی ئەو بانکانەی ناو پرۆژەی هەژماری من لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە دارایی و بانکیانە سودمەند دەبن، کە بانکەکان پێشکەش بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی دەکەن.