دۆناڵد ترەمپ سەرۆکێکی پێشووی WWE بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردە دەستنیشان کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لیندا مەکماهۆن، سەرۆکی پێشووی یەکێتی زۆرانبازی  (WWE)ـی بۆ پۆستی وەزیری وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیاند.

ترەمپ لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ماکماهۆن ئەزموونی دەیان ساڵەی سەرکردایەتی و تێگەیشتنی قووڵی خۆی لە هەردوو پەروەردە و بازرگانی هەیە، دەتوانێت نەوەی داهاتوو لە قوتابیان و کرێکارانی ئەمەریکی و ئەمەریکا بکاتە ژمارە یەک لە جیهاندا.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا کاندیدەکەی بە "داکۆکیکارێکی توند لە مافەکانی دایک و باوک" وەسف کرد.

مەکماهۆن کێیە؟

تەمەنی 76 ساڵە و هاوسەرۆکی تیمی گواستنەوەی ترەمپە و بەخشەرێکی سەرەکییە و دڵسۆزە بۆ پارتی کۆمارییەکان.

لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی خولی یەکەمی ترەمپدا (2016-2020) سەرۆکایەتی ئیدارەی بازرگانی بچووکی کردووە، لە ساڵانی ڕابردوودا سەرۆکی دەستەی کارگێڕی دامەزراوەی سیاسەتی یەکەمی ئەمەریکا بوو، کە دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەی پارێزگارییە و هەوڵی دەدا زەمینەسازی بۆ خولی دووەمی ترەمپ دابنێت.

مەکماهۆن هاوسەرگیری لەگەڵ ڤینس مەکماهۆن کردووە کە باوکی یاریزانێکی دیار و پیشەگەری زۆرانبازی بووە. دواتر کۆمپانیایەکی تایبەت بە خۆیان دامەزراند کە ئێستا بە "WWE"  ناسراوە.

لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەستی لەکارکێشایەوە، بۆ ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە، دووجاریش خۆی بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە ویلایەتی کۆنتێکتیکۆت کاندید کرد، بەڵام لە ساڵی 2010 بە ڕیچارد بلومێنتال دۆڕا، لە ساڵی 2012شدا بە کریس مێرفی دۆڕا.

ڕۆژی سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەستی پێ کرد و دوو بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کێبڕکێی توندیان کرد، ئەوانیش دۆناڵد ترامپ لە پارتی کۆمارییەکان و کامالا هاریس لە دیموکراتەکان بوون. لە ئەنجامدا دۆناڵد ترەمپ سەرکەوت.