بەرەی مقاوەمەی عێراق هێرشی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئیسرائیل.
لە بەیاننامەیەکدا بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەش کردووە "بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی بۆ لەناوبردنی سوپای ئیسرائیل."
ڕاشیگەیاند "لە درێژەی هێرشەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و پاڵپشتیی گەلی فەڵەستین و لوبنان و لە وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژیانەی لە دژی خەڵکی مەدەنی دەکرێت، لەنێویاندا منداڵان، ژنان و بەساڵاچووان، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ئەمڕۆ، 22ـی تشرینی دووەمی 2024، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بنکەیەکی گرنگی سوپای ئیسرائیل."
بەرەی مقاوەمە لە عێراق، چەندان مانگە هێرش دەکاتە سەر چەند شوێنێکی گرنگی ئیسرائیل وەک کاردانەوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، تەلئەڤیڤ لە نامەیەکدا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ڕێوشوێنی خێرا لە دژی ئەو گروپانە بگرێتەبەر لە عێراقەوە هێرش دەکەنە سەری و بەڵێنیشی دا بۆ بەرگریی لە خۆی، وەڵام بداتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، کە ئیسرائیل ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، حکوومەتی عێراقی بە بەرپرسیار زانی لە هەموو ئەو شتانەی لەسەر خاکەکەی ڕوو دەدەن، جەختیشی لەوە کردەوە تەلئەڤیڤ مافی بەرگریی لە خۆی هەیە.
وەزیری ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا گوتیشی: "ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، نامەیەکم بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد، تێیدا داوای هەنگاوی خێرام کرد سەبارەت بە چالاکیی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق، کە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکار دەهێنن."
دووپاتیشی کردەوە "حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە لە هەموو ئەو شتانەی لەسەر خاکەکەی ڕوو دەدەن و ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگریی لە خۆی بکات وەک لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بۆ ئەوەی خۆی و هاووڵاتیانی بپارێزێت."
گیدیۆن باسی لەوەش کرد: "داوام لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی حکوومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکات و ئەم هێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت."
لای خۆیەوە عێراق پابەندبوونی خۆی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێ کردەوە و بە توندی ئیدانەی هەڕەشەکانی ئیسرائیلی کرد بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.