ناسر محەمەدۆ خەڵاتە ناوازەكەی كوردستان24ـی بەدەستهێنا

ناسڕ محەمەدۆ ناوەراستكاری پیشەگەری یەمەنی بووە دووەمین یاریزانی یانەی زاخۆ لەم وەرزە خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24 بەدەستبهێنێت

ناسڕ محەمەدۆ ناوەراستكاری پیشەگەری یەمەنی بووە دووەمین یاریزانی یانەی زاخۆ لەم وەرزە خەڵاتە تایبەتەكەی كوردستان24 بەدەستبهێنێت و بە ئەستێرەی هەفتەی خولی ئەستێرەكانی عێراق دیاریكرا.
دوای ئەوەی لە گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زاخۆ لە یاریی لوتكەدا لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی هەولێری كرد، لەو یارییەدا ناسر محەمەدۆ تەنیا لە ماوەی 17 خولەكی نیوەی یەكەم دوو گۆڵی بە ئاسیستی ئەمجەد عەتوان بەرامبەر هەولێر تۆمار كرد و سەركردایەتی سەركەوتنێكی گەورەی كرد و یارییەكەشیان بە ئەنجامی 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە یانەكەی پایتەختی هەرێمی كوردستان بردەوە.
ناسر محەمەدۆ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئەستێرەی هەفتەی خولی ئەستێرەكانی عێراق پێش سەرجەم ركابەرەكانی كەوتەوە و بە باشترین یاریزانی گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق دیاریكرا.
دێسكی وەرزشی كوردستان24 بە ڕاوێژ لەگەڵ لێژنەیەكی تایبەت كە لە راهێنەر و یاریزانان پێكهاتووە هەفتانە باشترین یاریزانی خولی ئەستێرەكانی عێراق خەڵات دەكات، خەڵاتەكەش تایبەتە بە هەر چوار یانە كوردستانییەكەی خولی ئەستێرەكانی عێراق لەگەڵ هەر یاریزانێكی دیكەی كورد كە لە هەر یانەیەكی بەشداربووی خولی ئەستێرەكانی عێراق یاریی بكات.
ناسر محەمەدۆ دەبێتە شەشەمین یاریزان خەڵاتە ناوازەكەی كوردستان24 بەدەستبهێنێت، پێشتر هەر لەم وەرزە شێركۆ كەریم و گەیلان لوقمان لە یانەی هەولێر، ئیبراهیم غازی لە یانەی زەورا و ئەحمەد سەبری لە یانەی نەفت و ئەمجەد عەتوان لە زاخۆ ئەم خەڵاتەیان بردووەتەوە.