پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەياسای هەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەکات

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەياسای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق دەكات كە تەنیا مادەی 12ی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، ترس هەیە ئەگەر بەندەری نەوتی بەسرە بكرێتە ئامانج ، ئەوا عێراق ناتوانێت نەوت هەناردە بكات، تەنیا رێگا بۆ هەناردەكردن بۆڕییە نەوتییەكانی هەرێی كوردستانە و  وەك فریادڕەسی هەناردەكردنی نەوت سەیری دەكات. زیانە ئابوورییەكەیش زیاترە لە 20 ملیار دۆلار.

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵە دەكات كە تەنیا مادەی 12 تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

بەندەری بەسرە دەرچەی سەرەكی هەناردەی نەوتی عێراق لەبەردەم مەترسی گەورەدایە، بەهۆی هەڕەشەكانی ئیسرائیل، تاكە رێگای سەلامەت هەرێمی كوردستانە وەك فریادڕەسی نەوتی عێراق بیری لێدەكرێتەوە.

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی کۆڕبەندی مێپس24 لە دهۆک دەڵێت: عێراق لە كۆندا چەند بۆڕییەكی هەبوو كە نەوتی بۆ سوریا و توركیا و سعودیە و كەنداو هەناردە دەكرد، بەڵام ئێستا تەنیا بەندەری بەسرەی هەیە و ئەگەر دۆخێكی نالەبار لەناوچەكە ڕووبدات، ئەوا عێراق ناتوانێت لە رێگای بەندەرەكانەوە نەوت هەناردە بكات  تاكە رێگا بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە دەتوانێت نەوتی لێ هەناردە بكات.

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە، هەواڵی خۆش لە بارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان هەیە و ئامادەكارییەكان تەواو كراون.

زیاتر لە 18 مانگە بەهۆی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، زیان بە ئابووریی عێراق دەكەوێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە میانی کۆڕبەندی مێپس24 گوتی: مانگانە زیانی یەك ملیار دۆلارمان هەیە و تا ئێستا كۆی زیانەكە زیاترە لە 20 ملیار دۆلار و بەداخەوە راگرتنی هەناردەی نەوت زیان بە هەموو عێراق دەگەینێت، بەڵام زۆرترین زیان بە هەرێمی کوردستان دەگات، ئەو زیانانەی بە ئێمە گەیشتووە قەرەبوو نەکراوەتەوە، گوتیشی: دەبینین پێدانی مووچە دوادەكەوێت و داهاتی گشتی عێراق کەمیکردووە ئەمەش لە بەرژەوەندی حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستاندا نییە.

لە هەمواركردنەوەی مادەی 12 خالی دووەم بڕگەی جیم، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە شەش دۆلارە دەكرێ بە 16 دۆلار.