سەرۆک وەزیرانی عێراق: ئیسرائیل هەڕەشەی لە ئێمە کردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین
دووشەممە، 25-11-2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێوڕەسمی 100 ساڵەی دیپلۆماسیی عێراقی، ئـاماژەی بەوە دا "گرژی و ئاڵۆزیی ئەمنیی زۆر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە، وڵاتەکەمان نەبێتە بەشێکی شەڕەکە."
سوودانی ئەوەشی خستە ڕوو "حکوومەتی عێراق هەر زوو داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی فەلەستین و لوبنان، پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕەکە کردووە."
وەکوو ئەوەی سوودانی باسی کرد، "ئیسرائیل بە هەندێک بیانووی درۆ هەڕەشەی لە عێراق کردووە و نیازی شەڕانگێزیی خۆی پیشان داوە، ئێمەش لە بەرانبەردا کارمان بۆ ئەوە کردووە کە عێراق نەبێتە سەرچاوەی هیچ هێرشێک (بۆ سەر ئیسرائیل)."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە، بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانی ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی بکات بە مەبەستی ڕێگریی لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ زیاتر هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا."