یەمەن: ژیانی زیاتر لە چوار ملیۆن ئاوارە لە مەترسیدایە

سەرما و کەشوهەوای توندی زستان دۆخی چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەی یەمەنی قورس کردووە, ئاوارەکان باس لەوە دەکەن؛ بەهۆی سەرماوە پەتا و نەخۆشی کە تێیاندا بڵاو بووەتەوە هەروا نەبوونی دەرمانیشەوە هەزاران کەسیان لێ مردووە.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی خێوەتگەکان دەڵین: "هاوکاریی ئاوارەکان کەمبووەتەوە، حکوومەتیش هیچ بایەخیان ناداتێ."

وەرزی زستان لە یەمەن هاتەوە و  باری سەرشانی ملیۆنان ئاوارەی یەمەنی قورستر دەکات، چونکە دۆخیان خراپە. ئەو خێوەتەی لە ژێریدا دەژین بەرگەی کەشوهەوای سەخت ناگرێت، لە یەکێک لە خێوەتگەکانی تەعزین، لەم وەرزە سەختەدا چوار هەزار کەسی تێدا دەژی، کە بەم دواییانە هەندێکیان پەتا و تەنگەنەفەسیی بوونە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی ئامێر و دەرمانەوە.

سەمەر هادی، ئاوارە، بە کوردستان24 دەڵێت: "نەخۆشی لەناوماندا بڵاو بووەتەوە، کوڕە گەورەکەم کوڕازەکەمی بردووە بۆ لای دۆکتۆر، خۆشم ناچاربووم مەڕ و ماڵاتەکەم بۆ پەیداکردنی خەرجیی دەرمان و دۆکتۆر بفرۆشم. هەرچەندە دەرمان وەردەگرین، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخمانەوە هیچ سوودیان نییە."

لە یەمەن چوار ملیۆن و 400 هەزار ئاوارە  لە ژێر خێوەتگەلێدا دەژین کە بە هیچ جۆرێک بۆ ژیان ناگونجێن. خەڵک لێرە ململانێ لەگەڵ دۆخی خۆیان دەکەن بۆ مانەوە. 10ساڵە ئەمە حاڵیانە. دۆخی کەشوهەوا دەگۆرێت، بەڵام ئەوەی ناگۆڕێت ژیانی ناخۆشی ئاوارەکانە. خێوەتەکانیان بەجۆرێک خراپە بەرگەی گەرمای هاوین و سەرمای سەختی زستان ناگرێت، جگە لەوەی نەخۆشی و پەتاش تیایاندا بڵاو بووەتەوە. 

سەعد شەعبی، بەرپرسی خێوەتگەی تەعز دەڵێت: "پێدانی بەتانی و کەرەستە خۆراکییەکان کەم بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەخشەرەکانی هاوکاریی بە ئێمە." "داوا لە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی دیکە دەکەین کەرەستەی خۆپارێزی لە وەرزی زستانمان بۆ بنرێن چونکە ئاوارەکان پێویستیان پێیەتی."

لە یەمەن ژمارەی ئەو کەسانەی لەشەڕ هەڵدێن و ئاوارەدەبن لەزیادبووندایە، ئاوارەکان وەک گەورەترین زیانمەندی شەڕ و ئاڵۆزییەکان کە دۆخی مرۆییان لەوپەڕی خراپیدایە، دێنە ئەژمار.
خەمساردیی  حکوومەت و کەمبوونەوەی بەخشەرەکانی هاوکاریی بە یەمەن، ئازار و مەینەتییەکانی ئاوارە یەمەنییەکانیان زیاتر کردووە، ئەو ئاوارانە برسییەتی و نەخۆشی پەرێشانیانی کردووە، گۆڕانی کەشوهەوا و دۆخی ساردی زستانیش بڕستی لێ بڕیون.

 

ئەیمەن قادر/ پەیامنێری کوردستان24 لە یەمەن

 
 
 
Fly Erbil Advertisment