ئەنجامی سەرژمێریی: ژمارەی گشتیی دانیشتووانی عێراق 45 ملیۆن و 407 هەزار کەسی تێ پەڕاندووە
دووشەممە، 25-11-2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ڕاگەیاند.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد "ژمارەی گشتیی دانیشتووانی عێراق 45 ملیۆن و 407 هەزار کەسی تێ پەڕاندووە، ڕێژەی دانیشتووان لە شارەکان سەدا 70.3 و لە گوندەکانیش سەدا 29.7ـە."
سوودانی، باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتووان، ژمارەی کۆی گشتیی خێزانەکان لە عێراق، گەیشتووەتە 7 ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان و تێکڕای قەبارەی خێزانەکان گەیشتووەتە 5.3 تاک."
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیشی کردەوە "ژمارەی ئەندامانی نێر لە عێراق گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەس واتە لە سەدا 50.1. گوتیشی، ژمارەی ئەندامانی مێینە گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەس واتا لە سەدا 49.8."
ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان:
1. کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووان: زیاتر لە 45 ملیۆن و 407 هەزار کەس.
2. ڕێژەی دانیشتووان لە شارەکان: 70.3%
3. ڕێژەی دانیشتووان لە گوندەکان: 29.7%
4. ژمارەی ماڵان: 8 ملیۆن و 37 هەزار و 221 ماڵ
5. ژمارەی کۆی گشتیی خێزانەکان: 7 ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان
6. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان: 5.3 تاک
7. ژمارەی تاکی نێر: 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەس (%50.1)
8. ژمارەی تاکی مێ: 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەس (%49.8)
9. ڕێژەی دانیشتوانی ژێر تەمەنی کارکردن کەمتر لە 15 ساڵ: 36.1%
10. ڕێژەی دانیشتووانی تەمەنی کارکردن لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵدا: 60.2%
11. ڕێژەی دانیشتوانی سەرووی تەمەنی کارکردنی 65 ساڵ و سەرووتر: 3.7%
12. ڕێژەی ئەو دانیشتووانەی کاردەکەن: 60%
13. ڕێژەی گەشەی دانیشتوانی عێراق: 2.3%