بانکی ناوەندیی عێراق پلانی هەیە خستنەڕووی دۆلار بە بانکە تایبەتەکان بسپێرێت

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سنوورداری ڕۆڵی بانکە تایبەتەکان لە عێراق، حکوومەتی ئەو وڵاتە گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای بیانیی کردووە بەمەبەستی دیراسەکردنی توانا و ئاستی کەرتی بانکی لە عێراق.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ کەرتی بانکی لە عێراق بەشێوەیەکە کە بانکە حکوومییەکان هەژموونیان بەسەر 88%ی کەرتەکەدا سەپاندووە و بانکە تایبەتەکانیش ڕۆڵێکی لاواز و سنووردار دەبینن.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات؛ دوو کۆمپانیای بیانی ڕاسپێردراون دیرایەسەکی وردی دۆخی کەرتی بانکی بکەن، ئەمەش بەو ئامانجەیە حکوومەت داتای وردی لەبەردەست بێت بۆئەوەی ڕۆڵێکی زیاتر بدات بە بانکە تایبەتەکان.
ئەم هەوڵەی حکوومەت لە کاتێکدایە کە بانکی ناوەندیی عێراق پلانی هەیە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەستبەرداری خستنەڕووی دۆلار ببێت و ئەو پرۆسەیە بە بانکە تایبەتەکان بسپێرێت.