لیستی مووچەی مانگی 11 ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرا

لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
ئەمە لە کاتێکدا ڕۆژی یەکشەممە، 17-11-2024، ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و فەرمانی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە بە زووترین کات ئەو مووچەیە ڕەوانە بکات."