سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بڕیارە بینێرێت، بەشی مووچە ناکات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەیە 760 ملیار دینار بۆ مووچە ڕەوانە بکات، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای 995 ملیار دەکات.

سێشەممە، 26-11-2024، سەرچاوەیەک بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەیی نیشان داوە، بۆ مووچەی هەر سێ مانگی 10، 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ دوو تریلیۆن و 280 ملیار دینار بنێرێت، واتا بۆ هەر مانگێک نزیکەی 760 ملیار دینار. 

بە گوتەی هەمان سەرچاوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر مانگێک داوای 995 ملیار دیناری لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، چونکە ئەو بڕە پارەیەی حکوومەتی عێراق دایناوە، زیاتر لە 200 ملیار دینار کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچەدا دروست دەکات."

سەرچاوەکەی کوردستان24 ئەوەشی خستە ڕوو، گفتوگۆکان لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن بۆ چارەکردنی کێشەی کورتهێنانی مووچەی هەر سێ مانگی  10، 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.