پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری بودجە کرد
سێشەممە، 26-11-2024، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق؛ دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیراوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەوڵ دەدەین ڕۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024، خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری بودجە بکرێت، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو کە دوایین هەفتەی کاری پەرلەمانە دەنگی لەسەر بدرێت."
گوتیشی: "تاکە بەربەست ئێستا کە ماوە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە کە هەموار کراوە و بۆمان هاتووە، لەدوای دەنگدان لە پەرلەمان، هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نامێنێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێک و کوتلەیەکی سیاسی باسی بابەتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی نەکردووە و یان نیگەرانی خۆی دەرببڕێ، چونکە سەرۆک وەزیران لەکۆبوونەوەی هاوپەیمانی دەوڵەت گوتی: زۆر بەلایانەوە گرنگ بووە ئەو پرۆژەیە تێپەڕێنرێت، چونکە هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێم زیانێکی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت." ڕوونیشی کردەوە "گرێبەستەکانی ئەوان لەگەڵ ئێمە جیاوازە، هەروەها ئەو ناوچەیەی نەوتی تێدایە لەگەڵ ئێمە جیاوازە، بۆیە هەمو لایەک بەو ئاراستەیە بوون کە هەمواری پرۆژەکە بکرێت."