ناتانیاهو: ئیسرائیل بە توندی تۆڵە دەکاتەوە ئەگەر حزبوڵڵا ڕێککەوتنی ئاگربەست پێشێل بکات
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو ڕایدەگەیەنێت: ئیسرائیل بە توندی تۆڵە دەکاتەوە ئەگەر حزبوڵڵا ڕێکەوتنی ئاگربەست پێشێل بکات.
سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی گوتی: ئاگربەست لەگەڵ لوبنان ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات تیشک بخاتە سەر هەڕەشەکانی ئێران، دەشڵێت: ئیسرائیل پارێزگاریی لە ئازادی هاتوچۆ لە تەواوی لوبنان دەکات.
ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەتوندی تۆڵە دەکاتەوە ئەگەر حیزبوڵڵا ڕێکەوتنی ئاگربەست پێشێل بکات.
وەک پێشتر هەوڵەکان خرابوونە گەڕ بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی، بە ناوبژی کردنی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی بۆ ماوەی 60 رۆژ ڕاگەیەندرا.
درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی "سنووردار"ـی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد بە مەبەستی "لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی و مووشەکیی حزبوڵلای لوبنانی" و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵاتەکەیان.
سوپای ئیسرائیل، پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، هێزەکانی فیرقەی 98 و لیواکانی کۆماندۆ و پەرەشوتەوان و لیوای 7ی زرێپۆش بەشداریی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی باشووریی لوبنان دەکەن.
ئێوارەی هەیینی، 27-09-2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا بۆمباران کرد.
شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵلای لوبنانی و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی هەیینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.
شەممە، 28-09-2024، حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە شێوەیەکی فەرمی کوژرانی حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداریی گشتیی حزبەکەی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان، پشتڕاست کردەوە.