شەممەی داهاتوو کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە
شەممەی داهاتوو کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوە دەچێت، بڵاو دەکرێتەوە.
چوارشەممە، 27-11-2024، سامان ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەرجەم ئامادەكارییەکانیان بۆ یەكەم كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كردووە."
سامان ئەحمەد گوتیشی "ڕۆژی شەممە، 30-11-2024، بەرنامەی كاری یهكهم كۆبوونهوهی پەرلەمانی کوردستان بڵاو دەكەینەوە کە ڕۆژی دووشەممە، 02-12-2024، بەڕێوە دەچێت."
کێ سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات؟
بە گوێرەی بڕگەی یەکەمی ماددەی 11ـی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان، دانیشتنی یەکەمی خۆی بە سەرۆکایەتیی بە تەمەنترین کاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، دەبەستێت.
بە گوێرەی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە، بە تەمەنترین کاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، لەلایەن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێت، دەبێتە سەرۆکی یەکەم دانیشتن، ئەرکی تەنها بریتی دەبێت لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.
سوێندخواردنی کاندیدە دەرچووەکانی پەرلەمان
بە گوێرەی هەردوو ماددەی 12 و 13ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان؛ سوێندخواردنی کاندیدە دەرچووەکان بەم شێوەیە دەبێت:
بڕگەی یەکەمی ماددەی 12: سەرۆکی یەکەم دانیشتن لە بەردەم پەرلەماندا سوێندنی یاسایی دەخوات.
بڕگەی دووەمی ماددەی 12: کاندیدە هەڵبژێردراوەکان لە بەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن.
بڕگەی سێیەمی ماددەی 12: کاندیدە هەڵبژێردراوەکان لە بەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن.
"سوێند خواردنی"ـی یاسایی سەرۆکی یەکەم دانیشتن و کاندیدە هەڵبژێردراوەکان، بەم شێوەیە دەبێت:
(بەخوای گەورە سوێند دەخۆم کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و یەکێتیی خاک و گەل و شکۆ و ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتییان و سامانی گشتیی بپارێزم و ئەرکی ئەندامییەتی بە ڕاستیی و دڵسۆزییەوە جێ بەجێ بکەم).
بڕگەی چوارەمی ماددەی 12: هەر کاندیدێکی هەڵبژێردراو، بە ناوەڕۆکی ئەو سوێندە یاساییەی لە ماددەی 12ـەدا هاتووە، پابەند نەبوو، دەبێت سوێندەکە دووبارە بکاتەوە.
بڕگەی یەکەمی ماددەی 13: لە ڕێکەوتی "سوێند خواردن"ـی یاساییەوە، کاندیدی هەڵبژێردراو، دەبێتە ئەندام و دەستبەکار هەژمار دەکرێت و گشت مافێکی ئەندامێتی دەبێت و هەموو ئەرکەکانی ئەندامێتیی دەکەوێتە ئەستۆ.
بڕگەی دووەمی ماددەی 13: ئەگەر کاندیدی هەڵبژێردراو، بەبێ پاساوی ڕەوا، لە دانیشتنی یەکەمەوە، بۆ ماوەی 30 ڕۆژ "سوێندخواردن"ـە کە ئەنجام نەدا، مافی سوێندخواردنی یاسایی نامێنێت.