مۆسکۆ پێشوازیی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەکات

ماریا زاخاروفا
ماریا زاخاروفا

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا پێشوازیی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان  بە ناوبژێوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، کرد. دەشڵێت: گومانمان هەیە کە ئاگربەستەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ماریا زاخاروفا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان گوتی: "پێشوازیی لەهەر هەوڵێک دەکەین کە ببێتە هۆی وەستاندنی بەردەوامی توندوتیژی و ڕشتنی خوێن لە لوبنان." گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەشڵێت: "هیوادارین ئاگربەستەکە بەشێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکرێت."

سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد.

هەمان ڕۆژ، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی گوتی: "ئاگربەست لەگەڵ لوبنان ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات تیشک بخاتە سەر هەڕەشەکانی ئێران." گوتیشی: "ئیسرائیل پارێزگاریی لە ئازادی هاتوچۆ لە تەواوی لوبنان دەکات."

ناتانیاهۆ ڕایگەیاند "ئیسرائیل بەتوندی تۆڵە دەکاتەوە ئەگەر حیزبوڵلا ڕێکەوتنی ئاگربەست پێشێل بکات."

وەک پێشتر هەوڵەکان خرابوونە گەڕ بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی، بە ناوبژی کردنی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی بۆ ماوەی 60 رۆژ  ڕاگەیەندرا.

درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی "سنووردار"ـی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد بە مەبەستی "لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی و مووشەکیی حزبوڵلای لوبنانی" و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵاتەکەیان.