سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پەیوەندیيەکانی هه‌رێم و شانشینی یەکگرتوو تاوتوێ ده‌كه‌ن

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا كۆ ده‌بێته‌وه‌ و پته‌وكردنى پەیوەندیيەکانی عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یەکگرتوو، بەهێزکردنی هاريكاريى هاو‌به‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، پارەشۆرینەوە و تاوانی ئەلیکترۆنی تاوتوێ ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ى چوارشه‌ممه‌، 27ـی تشرینی دووه‌می 2024، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، پته‌وكردنى پەیوەندیيەکانی عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یەکگرتوو، بەهێزکردنی هاريكاريى هاو‌به‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، پارەشۆرینەوە و تاوانی ئەلیکترۆنی، تاوتوێ كران.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریی سەقامگیريی هەرێمی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕييه‌كانى. 

لاى خۆیەوە، کووپەر، وێڕای پیرۆزبایی بۆ سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان، سوپاسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاماژەی بە به‌رده‌واميى پابەنديى وڵاتەکەی کرد بۆ پشتيوانى و هاوكاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان و عێراق له‌پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا.

پرسى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیی جێیه‌جێکردنی ده‌ستووری عێراق و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات، مه‌ترسییه‌کانی داعش، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخى‌ ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.