شاخەوان عەبدوڵڵا: بەغدا سیاسەتی برسیکردن دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو داواکارییەکانی حکوومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوە حکوومەتی عێراقە پابەند نابێت بە ڕێککەوتنەکان و هەر ڕۆژە و بە بیانووێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەکە دوا دەخات."

چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند: "وەزارەتی دارایی عێراق توانیویەتی  760 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، هەروەها ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە، تەنیا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبرێت."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕاشیگەیاند "وەزیری دارایی عێراق بوێریی ئەوەی نییە تەنیا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ یان یەک هەفتە مووچەی هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق دوا بخات، بۆیە پێویستە سوودانی لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی بوێرانە بدات و بەرگەی ئەنجامەکەشی بگرێت و نابێت بشترسێت چونکە پشت ئەستوورە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی."

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا "ڕۆژێک دوای دیداریان لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی، دادگاکە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر دیدارەکە بڵاو کردەوە و پشڕاستی ئەوەیان کردەوە کە ئێمە بڵاومان کردەوە، هەروەها جەختیان لە لە جێبەجێکردنی داواکانمان کردەوە."

گوتیشی: "تا ئێستا بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی لە بودجەی وەبەرهێنان بە هەرێمی کوردستان نەداوە. ئێستا بانگەشەی پیشوەختەی هەڵبژاردن لە بەغدا دەستی پێ کردووە و لایەنەکان لە هەوڵی شکاندنی یەکتردان."

شاخەوان عەبدوڵڵا، دووپاتی کردەوە "ئێستا ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵداین بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئێمە هەندێک پەیاممان هەبووە و نیگەرانی خۆمان لە ئاست کردەوەکانی وەزارەتی دارایی دەربڕیوە."

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا "دەبوو لە ئاست ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەنگی ناڕەزایی هەبووایە لەسەر ئەو کارەی کە بەغدا دەرهەق بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکات، بەڕاستی بەغدا سیاسەتی برسیکردن دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات."

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "هاتن و نەهاتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا وەک یەکە، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە حکوومەتی عێراق و هەموو داواکارییەکانی حکوومەتەکەشی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەغدا تەنیا بیانوو بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگرێت."

لەبارەی کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە حکوومەتی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە حکوومەتی عێراق یەکێکە لە هەرە کارتە بەهێزەکان، پێویستە نوێنەران و وەزیرانی پشکی کوردییش بایکۆتی کارەکانیان بکەن لەو ڕێگەیەوە فشار لە حکوومەت بکەن، چونکە لە عێراق ئەوەندەی فشار و دەنگ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی هەیە لە چارەکردنی کێشەکان، ئەوەندە یاساکان بۆ چارەکردنی کێشەکان کاریان پێ ناکرێت."

گوتیشی: "تاوەکوو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی ئەوەی داوە بیانووی حکوومەتی عێراق نەهێڵێت، پاش ئەوەی بیانووەکانی نەهێشتووە، حکوومەتی عێراق هاتووە پرسی ئینفاقی فعلی هێناوەتە ناو باس و بەو هۆیەوە ناردنی مووچەی هەرێمی دوا خستووە."

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو "ئێستا دەبێت بەغدا دوو مووچە بۆ هەرێم بنێرێت، چونکە لیستی مووچەی مانگی 11ـشیان بۆ نێردراوە، هەروەها کێشەی مووچە پەیوەندیی بە هەناردەی نەوتەوە نییە."