فەرماندەی سوپای پاسداران: ئاگربەستی لوبنان دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە

حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاگربەست لە نێوان میلیشیاکانی حزبوڵڵا و ئیسرائیل دەستپێکی کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە نیشان دەدات.

حوسێن سەلامی، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان پیرۆزبایی لە نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی کردووە و دەڵێت: "ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بە شکستپێهێنانی ڕژێمی ئیسرائیل بەدەستی هێناوە، لە ڕێگریکردن لە گەیشتن بە ئامانجە خراپەکانی لەلوبنان، شکستێکی ستراتیجییە بۆ ئیسرائیل".

جەنەراڵ سەلامی  گوتیشی: "حزبوڵڵا سەرکەوتوو بوو و ئاگربەستی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، کە نەیتوانی بە ئامانجەکانی خۆی بگات"، ئاماژەی بەوەش دا " ئەو دەستپێکەی ئاگربەست دەتوانێت سەرەتایی کۆتایی شەڕی غەززە بێت".

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، 27-11-2024، حزبوڵڵا و ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی دوو مانگە و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە بڕیارە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان،هەزاران سەربازی سوپای لوبنان لەم ناوچەیە جێگیر بکرێن.