وەزارەتی ناوخۆی تورکیا: له 24 كاتژمێری ڕابردوودا 1626 کۆچبەری نایاساییمان دەستگیر کردووه
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژه بهوه دهكات، ئۆپەراسیۆنەکانی قەلغان-32 لە دژی کۆچی نایاسایی بەردەوامە و له ماوهی 24 كاتژمێری ڕابردوودا، هەزار و 626 کۆچبەری نایاسایی لەگەڵ 55 قاچاخچی دەستگیر کراون.
ههینی، 29ـی تشرینی دووهمی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی قەلغان-32 لە دژی کۆچی نایاسایی بەردەوامە و ڕۆژی پێنجشهممه، هەزار و 626 کۆچبەری نایاسایی لەگەڵ 55 قاچاخچی دەستگیر کراون کە 13ـیان بیانین.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ههروهها ئاماژهی بهوه كردووه، لە 10 مانگی ڕابردوودا، شەش هەزار و 339 ئۆپەراسیۆن لە دژی قاچاخچییانی کۆچی نایاسایی کراوە و لە ئەنجامدا سێ هەزار و 924 قاچاخچییان دەستگیر کردووە.
عەلی یەرلیکایا جەختیشی لەوە کردووهتهوه، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی کۆچی نایاسایی بێپچڕان بەردەوام دەبن.
پێنجشهممه، 28ـی تشرینی دووهمی 2024، مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردهوه، تیمەکانی فەرماندەیی پاسەوانی دەریایی پاڵپشت بە زانیاریی گیرخواردنی دەیان کۆچبەری نایاسایی و پەککەوتنی دوو بەلەم لە ناوەڕاستی دەریا، لە نزیک کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر ئۆپراسیۆنێکی ڕزگارکردن و فریاکەوتنیان کردووە و توانیویانە زیاتر لە 200 کۆچبەری نایاسایی لە خنکان ڕزگار بکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی پاسەوانی دەریایی تورکیا دوو ئۆپراسیۆنی جیادا، لە یەکەمیاندا 110 کۆچبەری نایاسایی لە نێو بەلەمێکی پەککەوتووی پلاستیکی لە مەترسی ڕزگار بکەن، کە 47یان منداڵ بوون.
لە ئۆپراسیۆنی دووەمیشدا لە کەناراوەکانی ناوچەی کارابورون هەر لە سنووری پارێزگای ئیزمیر لە بەلەمێکی دیکەدا 99 کۆچبەری دیکەی نایاسایی لە خنکان ڕزگار کراون، کە 26یان منداڵ بوون.
هەرچەندە ناسنامەی کۆچبەرە ڕزگارکراوەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام پاسەوانی دەریایی تورکیا ڕایگەیاندووە "دوای ڕزگارکردنیان، سەرجەم کۆچبەرەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچبەرانی پارێزگای ئیزمیر کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرانبەریان بگیرێتەبەر، چونکە بەنیازبوون لە ڕێگەی قاچاخەوە بەرەو یۆنان و وڵاتانی ئەورووپا بچن."